جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی محەممەد مەهدی کەرەمی و سەید محەممەد حوسێنی

سزای لەسێدارەدانی دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی بەرخۆدان و ڕاپەڕینی جەماوەریی شۆڕشی ژینا بە ناوەکانی محەممەد مەهدی کەرەمی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی بیجاڕ

١٧ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٠:٢٨


هەنگاو: شەممە، ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٢

سزای لەسێدارەدانی دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی بەرخۆدان و ڕاپەڕینی جەماوەریی شۆڕشی ژینا بە ناوەکانی محەممەد مەهدی کەرەمی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی بیجاڕ و هەروەها سەید محەممەد حوسێنی، تەمەن ٣٩ ساڵ، بەبێ دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان جێبەجێ کرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە کە بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٧ی جەنیوەری ٢٠٢٢)، سزای لەسێدارەدانی دوو کەس بە ناوەکانی محەممەد مەهدی کەرەمی و سەید محەممەد حوسێنی جێبەجێ کراوە. بەڵام لە هەواڵەکەدا ئاماژە بە شوێنی جێبەجێکردنی لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییانە نەکراوە.

شایانی باسە کە لە دۆسیەی ئەو دوو بەندکراوەدا لانی کەمی پێوەرەکانی دادگاییکردن و پێ ڕاگەیشتنی دادوەر بە دۆسیەکەیان بە بەشداریی خۆیان لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی دادگادا کە مافی بەرگرییان لە خۆیان هەبێت ڕەچاو نەکراوە و تەنانەت پێوەرەکانی ناوخۆییی ئێران بۆ بەڕێوەچوونی ئەو دادگایە ڕەچاو نەکراوە. وێڕای ئەوەش کە مافی هەبوونی پارێزەریان پێی نەدراوە، لە دوایین چاوپێکەوتنی بنەماڵەکانیشیان بێبەری کراون و ڕێگەیان پێ نەدراوە دوایین ساتی ژیانیان بنەماڵەکانیان ببینن و ماڵاوایییان لێ بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو؛ محەممەد مەهدی کەرەمی، تەمەن ٢٢ ساڵ، و سەید محەممەد حوسێنی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی پارێزگای ئەلبۆرز بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مووسا ئاسف ئەلحەسنی" و بە تۆمەتی "فساد فی الارض لە ڕێگەی تاوان بە دژی ئاسایشی ناوخۆیی" بە موحاربە (واتە شەڕ بە دژی خودا) مەحکووم و سزای لەسێدارەداننیان بەسەردا سەپێندرا.


دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی محەممەد مەهدی کەرەمی و سەید محەممەد حوسێنی و ١٣ هاووڵاتیی دیکە لەژێر ناونیشانی دۆ سییەی کوژرانی بەسیجییەک بەناوی ڕوحوڵڵا عەجەمیان، ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی سەرماوەز (٣٠ نۆڤەمبەر) بەڕێوە چووە کە لە دانیشتنی ئەو دادگایەدا محەممەد مەهدی کەرەمی وەکوو تۆمەتباری سەرەکی و سەید محەممەد حوسێنی وەکوو تۆمەتباری دووەمی ئەو دۆسیەیە لە قەڵەم دران.

شایانی باسە کە محەممەد مەهدی کەرەمی، ڕۆژ شەممە، ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ و دوو ڕۆژ دوای ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی حەدیس نەجەفی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندرابوو.

پێشتر کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی کەرەمی لەم بارەوە بۆ هەنگاو ڕاگەیاندبوو: محەممەد مەهدی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی ڕۆحی و جەستەییی ناوەندە حکوومەتییەکاندا بووە و چەندین جار بەدەست لێدان لە سمت و جەستەی هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی لێ کراوە. ناوبراو لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ئەو زانیارییانەی پشتڕاست کردووەتەوە

محەممەد مەهدی کەرەمی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "کوتانی خواروو" سەر بە شاری بیجاڕ و دانیشتووی نەزرئاباد لە شاری کەرەج بوو. ئەو لاوە کوردە لە بواری وەرزشی کاراتەدا چەندین میدالیای لە ئاستی پارێزگا و سەرانسەری ئێراندا بەدەست هێنابوو.

سەید محەممەد حوسێنی تەمەن ٣٩ ساڵ بووە و لە کێڵگەیەکی پەلەوەر کارە کردووە. بەپێی ئەو زانیاریییە کەمانەی کە لەسەر ناوبراو لە بەر دەستدایە، باوک و دایکی ناوبراو بە منداڵی کۆچی دواییان کردووە و بە هەتیوی گەورە بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە