دوو ژنە چالاکوانی خەڵکی پیرانشار سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا

گوڵاڵە مورادی و سەفیە مامووشی پوور دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، کە دوو ساڵ پێش لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، لەلایەن دەزگای دادی کۆمار

١ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١١:١١


هەنگاو: شەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

گوڵاڵە مورادی و سەفیە مامووشی پوور دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، کە دوو ساڵ پێش لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەر کامەیان سزای چوار ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، گوڵاڵە مورادی ٤٨ ساڵە و سەفیە مامووشی پوور ٤٩ ساڵە پاییزی ئەمساڵ لەلایەن لقی سێی دادگای تاوانەکانی ١ لە شاری مەهاباد، بە تۆمەتی "هاوکاریکردن لە کوشتنی عوسمان حاجی حوسێنی" یەکێک لە کادیرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەر کامەیان سزای ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو سزایە بە ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراوە و بە پشت بەستن بە بەندی ئەلفی مادەی ٣٧ و بەندی ئەلفی مادەی ٣٨ لە یاسای سزا ئیسلامییەکانی پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢ بە دوو پلە دابەزین بۆ چوار ساڵ بەندکران بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەستبەسەرکرانی پێشوویان کەم کرایەوە.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە گوڵاڵە مورادی لە ماوەی یەک ساڵ بەندکرانی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە لە مافی دەست ڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها مافی مرەخەسی بێبەش کرابوو.

گوڵاڵە مورادی ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ (٢٤ی ئەپریلی ٢٠٢٢)، دوای یەک ساڵ و ٧ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

هەنگاو ساڵی ڕابردوو تۆمارێکی دەنگی گوڵاڵە مورادی بڵاو کردەوە کە ناوبراو دەڵێت کە ناچاریان کردووم دانپێدانانی کوڕە مێرمنداڵەکەم دژ بە من و هەروەها ئەو ڕاپۆرتانەی کە دژ بە من دراوە قبووڵ بکەم و دوای هەڕەشەیەکی زۆر ئەو کارەم کردووە و فیلمیان لە من هەڵگرتووە.

گوڵاڵە مورادی تەمەن ٤٨ ساڵ ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (١٧ی ئەپریلی ٢٠٢١) هاوڕێ لەگەڵ دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی مەتین بەزازی ١٤ ساڵە و تاهیر بەزازی ٢١ ساڵە) زاوای عوسمان حاجی حوسێنی) لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرانەوە. ناوبراو پاش ٤٥ ڕۆژ لێپرسینەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە. دوو کوڕەکەشی پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

سەفیە مامووشی پوور هاوژینی عوسمان حاجی حوسێنی هەر لەو پەیوەندییەدا و ڕۆژی چوارشەممە ١ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (٢١ی ئەپریلی ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر و دوای دوو مانگ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

ئەم چوار کەسە دوای کوژرانی یەکێک لە کادیرەکانی سوپای پاسداران بە ناوی عوسمان حاجی حوسێنی (خەزووری تاهیر بەزازی) کە دواتر گرووپێک بە ناوی هەڵۆکانی زاگرۆس بەرپرسیارێتییەکی بە ئەستۆ گرت، دەستبەسەر کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە