ڕفاندنی منداڵێکی دیکەی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان؛ ئاماری ڕفاندنی منداڵانی ئەو شارە گەیشتە ٢٩ کەس

منداڵێکی دیکەی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوی شاهین محەممەدنوور پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانە ڕفێندراوە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. ئاماری ڕفاندنی

٢١ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٤:٢٩


هەنگاو: هەینی، ٢١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

منداڵێکی دیکەی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوی شاهین محەممەدنوور پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانە ڕفێندراوە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. ئاماری ڕفاندنی منداڵانی ئەو شارە لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە ٢٩ کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٩ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، منداڵێکی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوی شاهین محەممەدنوور تەمەن ١٧ ساڵ، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شاهین محەممەدنوور، لە کاتێکدا کاتژمێر ٨ی سەرلەبەیانی تازە لە ماڵ هاتبووە دەرەوە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراوە.


تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، بەدواداچوونی بنەماڵەی محەممەدنوور لەسەر بارودۆخ و چارەنووسی کوڕەکەیان هیچ ئاکامێکی نەبووە و ناوەندە حکوومەتییەکانیش لەم پەیوەندییەدا ئامادەی وەڵامدانەوە نین.


بەگوێرەی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی نزیک بە پێنج مانگی "شۆڕش ژینا"دا زیاتر لە ٤٠٠ قوتابی لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و لەلایەن هێز و ناوەندە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراون کە ناسنامەی ١٨۶ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە. لەو نێوانەدا زۆرترین ڕێژەی ئەم ئامارە لە شاری جوانڕۆ بووە و ژمارەی منداڵانی ڕفێندراوی ئەو شارە گەیشتووەتە ٢٩ کەس.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە