سەکینە پەورانە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد جارێکی دیکە دەستبەسەر کرایەوە

سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و خەڵکی شاری قووچان، لە ماوەی یەک مانگدا بۆ دووەمین جار دەستبەسەر کرایەوە.

١٦ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١٢:٥٢


هەنگاو: چوارشەممە، ١۶ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و خەڵکی شاری قووچان، لە ماوەی یەک مانگدا بۆ دووەمین جار دەستبەسەر کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ١۵ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (٤ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد پاش ئەوەی کە لەلایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەشهەد بانگ کراوە، دیسان دەستبەسەر کراوەتەوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ (٧ی مارسی ٢٠٢٣) لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کرا و پاش چوار ڕۆژ ئازاد کراوە.


سەکینە پەروانە جیا لەوەی کە لە ماوەی یەک مانگدا ئەمە دووەمین جارە دەستبەسەر کراوەتەوە، شەوی چوارشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١۵ی فێبریوەری ٢٠٢٣) لە کاتێکدا چوارەمین ساڵی ماوەی سزای پێنج ساڵ بەندکرانی تێپەڕ دەکرد، کەوتە بەر بڕیاری لێبوردنی گشتی و لە بەندیخانەی "وەکیل‌ئاباد"ی مەشهەد ئازاد کرا.


هەنگاو لە ڕاپۆرتی پێشووتریدا لەسەر سەکینە پەروانە ڕایگەیاند: سوپای پاسداران، نزیک بە چوار ساڵ پێش دەستی بەسەر هەموو ناسنامە و بەڵگەکانی کەسێتیی سەکینە پەروانەدا گرتبوو، دوای ئەوەی کە کەوتە بەر لێبوردنی گشتی و ئازاد کرا، هەتا ئێستاش بەڵگەنامەکانی پێ نەدراوەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لە سەرەتاییترین و سەرەکیترین کارەکانی ڕۆژانەی ژیانی ناوبراودا وەک؛ بەکرێگرتنی ماڵ، کارکردن، کڕینی هێڵی تەلەفۆنی مۆبایل و... تووشی کێشەی جددی بووەتەوە.


ئەم بەندکراوە کوردە لە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ لەلایەن پۆلیسی تورکیەوە لە سنووری ماکۆ ڕادەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کرا و دواتر ڕادەستی وەزارەتی ئیتلاعات کراوە و لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی ئێڤین لە تاران گواستراوە.


سەکینە پەروانە، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧١٩، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران، بەبێ هەبوونی لانی کەمی مافەکانی تۆمەتبارێک لە پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی تاوانەکانی، سزای پێنج ساڵ بەندکران و بێبەریبوون لە ئەندامبوون لە گرووپ و دەستە سیاسییەکان بۆ ماوەی دوو ساڵی بەسەردا سەپێندرا.


لە ماوەی بەندکرانیدا ناوبرا بۆ دەستبەسەرگەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە ماکۆ، تاران، بەندیخانەی ئێڤین، بەندیخانەی قەرچەک وەرامین و قووچان گواستراوەتەوە.


بەهۆی دۆخی دژواری ئەم بەندکراوە سیاسییە لە بەندیخانەدا، چەندین جاری درێژماوە مانی لە خواردن گرتبوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە