هۆشیار شەعبانی پاش مانگێک هێشتا دەستبەسەرە

هه‌نگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی بانە دوای مانگێک لە دەستبەسەر کرانی هیشتا لە دەستبەسەرگەی ناوەندە ئەمنییەکان ڕاگیراوە.

٦ ڕەزبەر ٢٧٢١، ١٧:٥٣

 

هه‌نگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی بانە دوای مانگێک لە دەستبەسەر کرانی هیشتا لە دەستبەسەرگەی ناوەندە ئەمنییەکان ڕاگیراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی مانگێک لە دەستبەسەر کرانی هۆشیار شەعبانی، چالاکی مەدەنی خەڵکی بانە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، ناوبراو هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی شەعبانی، ناوبراو لە ماوەی ئەو یەک مانگەدا تەنیا یەکجار و ئەویش لە ڕێگەی تەلەفوون لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیوەندی هەبووە و لە مافی چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.

هۆشیار شەعبانی تەمەن ٢٨ ساڵ ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانه دەستبەسەر کرا.

هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ هۆشیار شەعبانی نادیارە.

هۆشیار شەعبانی لە پاییزی ساڵەکانی ٢٧١٧ (٢٠١٧) و ٢٧١٩(٢٠١٩) و لە کاتی دەستبەسەرکرانی بەربڵاوی هاووڵاتیانی کورد پاش بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان و ئیدانەکردنی لەشکرکێشیی تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، دەستبەسەر کرابوو.

ئەم چالاکە کوردە لە کۆتایی پاییزی 2719 دا لە لایەن دادسەرای گشتیی بانەوە بە تۆمەتی جووڵانەوە لە دژی ئاسایشی گشتی لە پاش لەشکرکێشیی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، سزای حەوت مانگ بەندکرانی بۆ بڕابووەوە و لە پاش تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە