هۆشیار شەعبانی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو، دەستبەسەر کرا

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری بانە کە پێشتریش دەسبەسەر و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، جارێکی دیکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

١٠ خەرمانان ٢٧٢١، ١٠:٥٣

 

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری بانە کە پێشتریش دەسبەسەر و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، جارێکی دیکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٢٩ی ئاگوستی ٢٠٢١)، هێزە ئەمنییەکانی بانە، هاووڵاتییەک بە ناوی "هۆشیار شەعبانی" تەمەن ٢٨ ساڵەیان دەستبەسەر کردووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بە بێ پیشاندانی هیچ جۆرە مۆڵەتێکی دادوەری، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری سنە.

تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە ئاشکرا نەبووە و هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەردەست نییە.

هۆشیار شەعبانی لە پاییزی ساڵەکانی ٢٧١٧ (٢٠١٧) و ٢٧١٩(٢٠١٩) و لە کاتی دەستبەسەرکرانی بەربڵاوی هاووڵاتیانی کورد پاش بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان و ئیدانەکردنی لەشکرکێشیی تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، دەستبەسەر کرابوو.

ئەم چالاکە کوردە لە کۆتایی پاییزی 2719 دا لە لایەن دادسەرای گشتیی بانەوە بە تۆمەتی جووڵانەوە لە دژی ئاسایشی گشتی لە پاش لەشکرکێشیی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، سزای حەوت مانگ بەندکرانی بۆ بڕابووەوە و لە پاش تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە