ئارام مورادیان بە بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی دەستبەسەر کراوی خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە بەخشی سیروانی شاری سنە دوای

١١ ڕەزبەر ٢٧٢١، ١٨:٤٠

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی دەستبەسەر کراوی خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە بەخشی سیروانی شاری سنە دوای پێنج مانگ دەستبەسەر کران بە بارمتە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، ئارام مورادیان تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی تەنگیسەر دوای پێنج مانگ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئارام مورادیان لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و ناوەندە ئەمنییەکان تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ حیزبێکی کوردستانییان خستووەتە پاڵ ناوبرا.

ئارام مورادیان کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (٢٨ی ئاوریلی ٢٠٢١) هاوڕێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی ئارەش ئەحمەدی و ئەمیر ڕەزایی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر کرابوو.

ئەمیر ڕەزایی و ژن براکەی بە واتە ئارەش ئەحمەدی ڕۆژی پێنج شەممە ٤ی خەرمانان (٢٦ی ئاگۆست) دوای نزیکەی ٤ مانگ بەندکران هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە  هیزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات مانگی گەلاوێژ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی باوک و هەروەها خۆشکی ئارام مورادیان و ئەو دوو ماڵەیان پشکنیوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە