ئارمین ئێسپەرلووس ژینگەپارێزی کورد سزای ساڵێک بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: چالاکێکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە کە پاییزی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو،لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

٢٧ بەفرانبار ٢٧٢١، ٠٢:١٦

 

هەنگاو: چالاکێکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە کە پاییزی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو،لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئارمین ئێسپەرلووس، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بە سەردا سەپاوە و ئەم سزایە ڕۆژی شەممە ٢٥ی بەفرانبار بە فەرمی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندراوە.

دانیشتنی دادگای ئارمین ئێسپەرلووس ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (١٢ی دێسامبری ٢٠٢١) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بەڕێوە چوبوو.

ئارمین ئێسپەرلووس  ڕۆژی چوارشەممە ٧ی ڕەزبەری ئەمساڵ )٢٩ی سێپتامبری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بە دانانی ١٥٠ میلیۆن تمەن بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئارمین ئێسپەرلووس لە ڕەوتی دەستبەسەر کردنی ئەندامانی حیزبی وەحدەتی میلی لقی کوردستان، ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧١٨(٢١ی فێوریەی ٢٠١٩) دەستبەسەر و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەم چالاکە کوردە  دواجار مانگی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (فێوریەی ٢٠٢٠) لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شؤڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات لە ڕێگای ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای سێ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

جێگای ئاماژەیە کە فەرانەک جەمشیدی هاوژینی ئارمین ئێسپەرلووس هەر بەم تۆمەتە سزای یەک ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا کە ڕەزبەری ئەمساڵ بە مەرج لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە