ئازادیی مەرجداری حەوت بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی شنۆ

هەنگاو: حەوت بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شنۆ کە زستانی ساڵی ڕابردوو بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیان دەستبەسەر کرابوون، بە شێوەی مەرجدار

٢٩ سەرماوەز ٢٧٢٠، ٠٩:٥٢

 

هەنگاو: حەوت بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شنۆ کە زستانی ساڵی ڕابردوو بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیان دەستبەسەر کرابوون، بە شێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ئازاد کران.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (١٧ی سێپتامبەری ٢٠٢٠)، حەوت بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی کوروش عەزیزی، ئەبووبەکر میناپاک، محەمەدئەمین قازی، مەغدید محەمەدزادە، یوسف ئەحمەدی، تەیب بامروەت و کامیل ئەحمەدی، بە تێپەڕاندنی یەک لەسەر سێی ماوەی سزای سێ ساڵ بەندکرانەکەیان، بە شێوەی مەرجدار لە بەندیخانە ئازاد کران.

ئەو حەوت هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧١٨ (٤ی ئاگۆستی ٢٠١٨)، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شنۆوە دەستبەسەر کرابوون و پاش نزیک به دوو مانگ دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ هەتا ٥٠٠ میلیۆن تمەن بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کاتی دادگایییەکەیان لە بەندیخانە ئازاد کرابوون.

لە مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوودا ئەم حەوت هاووڵاتییە کوردە لە لایەن دادسەرای گشتی و دادگای شۆڕشی شنۆوە بە تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، هەر کامیان سزای چوار ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا کە ئەم سزایە دواتر لە دادگای پێداچوونەوە دا بۆ سێ ساڵ کەم کرایەوە.

ئەم حەوت بەندکراوە سیاسییە، لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٢٧١٩ (دێسامبەری ٢٠١٩)دا، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیان دەستبەسەر کران و لە وەرزی بەهار و پاش بڵاو بوونەوەی پەتای کڕۆنا، بۆ ماوەیەک بە پاوانەی ئەلەکترۆنییەوە لە بەندیخانە ئازاد کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە