دادگای شنۆ حەفت چالاکی سیاسی لە تۆمەتەکەیان ئاگادار کرانەوە

هەنگاو: حەوت چالاکی سیاسی کورد کە هاوینی ئەمساڵ دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون، لەلایەن دادگای شنۆوە .

٧ ڕێبەندان ٢٧١٨، ٢١:٤٢

 

هەنگاو: حەوت چالاکی سیاسی کورد کە هاوینی ئەمساڵ دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون، لەلایەن دادگای شنۆوە لە تۆمەتەکەیان ئاگادار کرانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە (٧ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ / ٢٧ی ژانویەی ٢٠١٩)، دانیشتنی دادگای حەفت چالاکی سیاسی خەڵکی شنۆ لە دادگای گشتیی ئەو شارە بەڕێوە چوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ئەمڕۆ هەر یەک لە ئەبووب بەهرام نژاد، کوروش عەزیزی، کامیل ئەحمەدی، محەمەدئەمین قازی، ئەبووبەکر میناپاک، تەیب بامروەت و یوسێف ئەحمەدی لە دادگای گشتی شاری شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزایی حازر بوون و دادوەر تۆمەتی هاوکاری و ئەندامەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پێیان ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، دانیشتنی دادگای ئەو ٧ کەسە بە کۆمەڵ بەڕێوەچووە و تەنیا ٣٠ خولەکی خایاندووە و بڕیار دراوە کە حوکمەکانیان بە زوویی پێیان ڕابگەیەندرێت.

ئەو حەفت هاووڵاتییە کوردە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی ”موسا مەحموودی“ و ” هیدایەت عەبدوڵڵاپوور“  دەستبەسەر و پاش مانگێک و لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ هەتا ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

موسا مەحموودی  ماوەیەک پێش حوکمی ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراو فەرهادیش کە براکەی بە ناوی هیدایەت حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، بە هۆی گوشاری هێزە ئەمنییەکانەوە ناچار بوو زێدی خۆی بەجێ بهێڵێت.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە