ئایناز زارع تەمەن ١٧ ساڵ لە بەندیخانەی ئورمیە ئازاد بوو

هەنگاو: کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی کورد کە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی ماوەی زیاتر لە سالێکە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، ئازاد بوو.

٦ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١٤:٣٠

 

هەنگاو: کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی کورد کە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی ماوەی زیاتر لە سالێکە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، ئازاد بوو.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٢٦ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠)، ئایناز زارع، بەندکراوی سیاسی تەمەن ١٧ ساڵ کە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیرابوو، دوای ١٥ مانگ بەندکران لە بەندیخانە ئازاد کرا. یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی زارع ئەو هەواڵەی بۆ هەنگاو پشتڕاستکردەووەتەوە.
 

ئازادی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە کاتێکدایە کە ناوبراو حەوتووی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکی دادگای تاوانەکانی ئورمیە کە تایبەتە بە منداڵان و مێرمنداڵان، حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو. بەڵام ئەم حوکمە دوای تانەدان لە حوکمەکە بۆ یەک ساڵ بەندکران کەم بووەتەوە و لەو ڕووەوە کە ئایناز ماوەی ١٥ مانگە لە بەندیخانەیە، ئازاد کراوە.

ئایناز زارء بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لەرێگای ئەندامەتی لە پارتی ئازادی کوردستان (پاک) ئەو حوکمەی بە سەردا سەپابوو و لە کاتی دانیشتنی دادگا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.
 

ناوبراو لەگەڵ دایکی بە ناوی شاناز سادقی فەڕ تەمەن ٣٢ ساڵ لە خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە دەستبەسەر و لەوکاتەوە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە. شانازی سادقی‌فەڕ ماوەی سێ ساڵ ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان بووە و دژ بە ڕێکخراوی داعش شەڕی کردووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە و وەرگرتنی ئەماننامە لەکاتی گەڕانەوە لە گەڵ ئایناز لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە دەستبەسەر  کرابوون.
 

شاناز (بێریڤان) سادقی‌فەر ڕۆژی ٣١ی پووشپەڕ (٢١ی ژوئیە) لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو موحاکمە و بە تۆمەتی ”ئەندامەتی لە پارتی ئازادی کوردستان (پاک)“ حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ناوبراو لە ڕەوتی دانیشتنی دادگا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە