کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی ئورمیە حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو: کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی ئورمیە کە لە ساڵی ڕابردووەوە لەگەڵ دایکی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە بند کراوە، بە تۆمەتی ئەندام بوو

٢٦ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ١٢:٠٣

 

هەنگاو: کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی ئورمیە کە لە ساڵی ڕابردووەوە لەگەڵ دایکی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە بند کراوە، بە تۆمەتی ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، حوکمی بەندکران بەسەردا سەپا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (١٦ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠)، ئایناز زارع، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ١٧ ساڵ، کە لە بەندیخانەی ئورمیە بەندکراوە، لە لایەن لقی یەکی دادگای تاوانەکانی ئورمیەوە کە تایبەتە بە مناڵان و مێرمناڵان، حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەو حوکمە بە تۆمەتی جووڵانەوە لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامەتی لە پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بەسەریدا سەپاوە و بە خێرایی پێی ڕاگەیاندراوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە کە تەمەنی لە ژێر ١٨ ساڵەوەیە، لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگاکەی، لە مافی هەبوونی پارێزەری هەڵبژێراوی خۆی بێبەش بووە.


ئایناز زارع لەگەڵ دایکی بە ناوی شاناز سادقی فەڕ تەمەن ٣٢ ساڵ لە خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە دەستبەسەر و لەوکاتەوە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە. شانازی سادقی‌فەڕ ماوەی سێ ساڵ ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان بووە و دژ بە ڕێکخراوی داعش شەڕی کردووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە و وەرگرتنی ئەماننامە لەکاتی گەڕانەوە لە گەڵ ئایناز لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە دەستبەسەر  کرابوون.
 

شاناز (بێریڤان) سادقی‌فەر ڕۆژی ٣١ی پووشپەڕ (٢١ی ژوئیە) لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو موحاکمە و بە تۆمەتی ”ئەندامەتی لە پارتی ئازادی کوردستان (پاک)“ حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ناوبراو لە ڕەوتی دانیشتنی دادگا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە