ئایناز زارع لە لە بەندیخانەی ئورمیە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە

هەنگاو: بەندکراوێکی تەمەن ١٧ ساڵ کە هاوڕێ لەگەڵ دایکی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراون، تووشی پەتای کۆرۆنا بووە و بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازرایەوە.

٤ خەرمانان ٢٧٢٠، ١٢:٣٨

 

هەنگاو: بەندکراوێکی تەمەن ١٧ ساڵ کە هاوڕێ لەگەڵ دایکی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراون، تووشی پەتای کۆرۆنا بووە و بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازرایەوە.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (٢٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، ئایناز زارع، بەندکراوی سیاسی تەمەن  ١٧ ساڵی کورد کە لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە، بە هۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە گوازرایەوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی زارع وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیاریانە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ڕۆژی ڕابردوو لە بێهداری بەندیخانە تێستی کۆرۆنا لە ئایناز وەرگیراوە و دوای ئەوەی ئاکامی تاقیکردنەوەکەی ئەرێنی بووە و ئەمڕۆ باری تەندروستی ناجێگیر بووە، بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی ئورمیە گوازراوەتەوە و ئێستا لەوێ خەوێندراوە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.
 

ئایناز زارع لەگەڵ دایکی بە ناوی شاناز سادقی فەڕ تەمەن ٣٢ ساڵ لە خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە دەستبەسەر و لەوکاتەوە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە. شانازی سادقی‌فەڕ ماوەی سێ ساڵ ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان بووە و دژ بە ڕێکخراوی داعش شەڕی کردووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە و وەرگرتنی ئەماننامە لەکاتی گەڕانەوە لە گەڵ ئایناز لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە دەستبەسەر  کرابوون.
 

شاناز (بێریڤان) سادقی‌فەر ڕۆژی ٣١ی پووشپەڕ (٢١ی ژوئیە) لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو موحاکمە و بە تۆمەتی ”ئەندامەتی لە پارتی ئازادی کوردستان (پاک)“ حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ناوبراو لە ڕەوتی دانیشتنی دادگا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.

ئایناز زارع، کچی شاناز لە لایەن دادگای تایبەت بە منداڵانەوە دادگایی کراوە و هێشتا حوکمەکەی پێ ڕانەگەیدنراوە.
 

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٦ ژن لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئورمیە تووشی پەتای کۆرۆنا بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە