بانە/ تەقەی هێزە ئەمنیەتییەکان لە هاووڵاتییەکی کورد و دەستبەسەرکرانی

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کورد پاش تەقەلێکران و برینداربوون لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

١٠ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ١٢:٢٢


هەنگاو: هاووڵاتییەکی کورد پاش تەقەلێکران و برینداربوون لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.


بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٢٦ آوریل ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران لە گوندی ئۆغڵی بانه ڕژاونەتە ناو ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی یووسف ئەحمەدی تەمەن ٣٥ ساڵ و بەبێ مۆڵەتی دادوەری هەوڵی دەستبەسەرکرانی ناوبراویان داوە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، یووسف ئەحمەدی وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی بەنیسبەت بێ‌ڕێزی هێزە ئەمنییەکان و هەڕەشەکردن بە چەک، هەوڵی خۆدەربازکردنی داوە، بەڵام دراوەتە بەر تەقە و بریندار کراوە.


بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی حکوومەت بەبێ لەبەرچاگرتنی هیچ یاسایەکی تەقەکردن واتە داوای وەستان و چەندین جار تەقەی ئاگادارکردنەوە، ئەو هاووڵاتییە کوردەیان کردووەتە ئامانجی تەقە و برینداریان کردووە.


یووسف ئەحمەدی پاش بەرکەوتنی گولـلە و برینداربوونی لاقی ڕاستی، سەرەڕای قووڵیی برینەکەی بە شێوەیەکی بێ‌بەزییانە قۆڵبەست کراوە و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کراوە.


هەتا ئێستا لە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی یووسف ئەحمەدی هیچ چەشنە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هەوڵەکانی بنەماڵەی یووسفی لەو پێناوەدا بێ‌ئاکام ماوەتەوە.


هەمان ڕۆژ سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی گوندی بلەسەنی بانە بە ناوەکانی " بێستوون ئەحمەدپوور" و " فەرهاد ئەحمەد پوور" کە برا بوون و " هادی ئەحمەدپوور" کە ئامۆزای ئەو دوو کەسەیە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانەوە دەستبەرسەر کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە