باپیر بەرزە بەندکراوی سیاسی کورد تووشی پەتای کۆرۆنا بووە

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە کەمتر لە مانگێکە چووەتە بەندیخانە، لە ناو بەندیخانەی نەغەدە تووشی پەتا

٢١ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ٠٠:٢٨

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە کەمتر لە مانگێکە چووەتە بەندیخانە، لە ناو بەندیخانەی نەغەدە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە و باری تەندروستی ناجێگیرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی یەکشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (١١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠)، باپیر بەرزە بەندکراوی سیاسی ڕاگیراو لە بەندیخانەی نەغەدە کە تووشی پەتای کۆرۆنا ببوو، باری تەندروستی ناجێگیر بووە و بۆ نەخۆشخانەی ”خومەینی“ پیرانشار گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، باپیر بەرزە دوای ئەوەی یەکەم ڕۆژی پاییز بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٣٠ مانگەی حوکمی بەندکرانەکەی خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ناساندبوو، لە ناو بەندیخانە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە و دوای پێنج ڕۆژ کە ەل قەرەنتینە ڕاگیراوە، ڕۆژی یەکشەممە نێردراوەتەوە بۆ ماڵی خۆیان و لە سەر دوای پزیشک بە هۆی ناجێگیر بوونی باری تەندروستی بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە.

باپیر بەرزە شەوی دووشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧١٨ (١٠ی دێسامبری ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی پیرانشار بە تۆمەتی ”هاوکاری کردن لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران“ حوکمی ٨ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو و دوابەدوای سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات، حوکمی بەندکرانی ناوبراو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە بوو بە ٤ ساڵ کە لە دانیشتنی دووهەمی ئەو دادگایە حوکمەکەی بۆ دوو ساڵ و ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.
 

باپیر بەرزە خەڵکی گوندی چیانە سەر بە پیرانشار، ڕۆژی سێشەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (٢٢ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە ناساند.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە