باپیر بەرزە لە بەندیخانەی نەغەدە مانی لە خواردن گرتووە

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی پیرانشار ماوەی سێ ڕۆژە کە لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە مانی لە خواردن گرتووە.

٣٠ خەرمانان ٢٧٢١، ٢٢:٣٣

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی پیرانشار ماوەی سێ ڕۆژە کە لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە مانی لە خواردن گرتووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، باپیر بەرزە، بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢١ (١٩ی سێپتامبری ٢٠٢١) بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەر بڕین لەگەڵ پەسەند نەکردنی داوای ئازادی بەمەرج و هەروەها پێنەدانی مافی مرەخەسی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە مانی لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، باپیر بەرزە ٢٣ ڕۆژ پیش دوای سکاڵای ئیدارەی ئیتلاعاتی پیانشار کە ماوەیەک بوو وەک بەندی باز لە دەرەوە بوو دیسان گەڕێندراوەتەوە و بۆ بەندیخانەی نەغەدە و لەکاتێکدا داوای ئازادی بەمەرجی ئەو بەندکراوە پەسەند نەکراوە کە ناوبراو زیاتر لە یەک لەسەر سێی ماوەی ٣٠ مانگ بەندکرانەکەی تێپەڕاندووە.

پێشتریش لقی یەکەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە داوای ئازادی بە پێبەندی ئەلکترۆنیکی ئەو بەندکراوە کوردەی پەسەند نەکردبوو.

باپیر بەرزە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لە بەندیخانەی نەغدە تووشی پەتای کۆرۆنا بوو و دوای پێنج ڕۆژ ڕاگیران لە بەندی قەرەنتینە بە هۆی ناجێگیر بوونی باری تەندروستی بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە و لەوێشەوە مرەخەسی پێدرا.

باپیر بەرزە شەوی دووشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧١٨ (١٠ی دێسامبری ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی پیرانشار بە تۆمەتی ”هاوکاری کردن لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران“ سزای ٨ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

پووشپەڕی ٢٧١٩ (جولای ٢٠١٩) و دوابەدوای سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات، سزای بەندکرانی ناوبراو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە بوو بە ٤ ساڵ کە لە دانیشتنی دووهەمی ئەو دادگایە سزاکەی بۆ دوو ساڵ و ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

باپیر بەرزە خەڵکی گوندی چیانە سەر بە شاری پیرانشار، ڕۆژی سێشەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (٢٢ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی، خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە ناساند و ئێستا یەک ساڵ لە ماوەی بەندکرانەکەی تێپەڕاندووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە