بەردەوامی دەستبەسەربوونی داریووش مورادی و ئانیسا جەعفەریی مێهر

هەنگاو: دوو چالاکی مەدەنی و کولتووری شاری ئیسلام ئاوای رۆژاوا ( شائاباد) لە پارێزگای کرماشان، پاش تێپەڕینی دوو حەوتوو هەروا

١٦ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١٥:١٨

 

هەنگاو: دوو چالاکی مەدەنی و کولتووری شاری ئیسلام ئاوای رۆژاوا ( شائاباد) لە پارێزگای کرماشان، پاش تێپەڕینی دوو حەوتوو هەروا دەستبەسەرن و لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەشن.

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پاش تێپەڕینی دوو حەوتوو لە دەستبەسەرکرانی "داریووش مورادی"، ئەندامی دەستەی نووسەرانی ماڵپەڕی کولتووری_ئەدەبیی هەسارە، و "ئانیسا جەعفەریی مێهر"، ئەندامی دەستەی نووسەرانی وەرزنامەی ئەدەبی و هونەریی" ژ" و مامۆستای زمانی کوردی، هەروا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی نەبی ئەکرەمی کرماشان راگیراون. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند، ئەو دوو چالاکە کوردە لەو ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بوون و تەنیا سێ جاری کورتماوە بە شێوەی تەلەفوونی لە گەڵ بنەماڵەکانیان پێوەندییان بووە. 

رۆژی دووشەممە، ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٢٣ی نوامبێر ٢٠٢٠) هێزەکانی سوپای پاسدارانی کرماشان هێرشیان کردە سەر ماڵی داریووش مورادی و ئانیسا جەعفەریی مێهر و ناوبراوانیان دەستبەسەر کرد.


بە گوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە بیست کەس لە هێزە ئەمنییەکان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو دوو چالاکە کوردە و جیا لە دەستبەسەر کرانی ئەوان، ماڵەکەیانیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیاندا گرتووە.

تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، لەبارەی هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەم دوو چالاکە کوردە یا ئەو تۆمەتەی ڕووبەڕوویان کراوەتەوە هیچ زانیارییەک لەبەر دەست نییە.

ئەم دوو چالاکە کوردە، مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردووش لەگەڵ چەند چالاکێکی دیکەی خەڵکی ئەو شارە، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای نەبی ئەکرەمی کرماشانەوە دەستبەسەر کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە