بەردەوامی دەستبەسەرکردنی چوار مامۆستای خەڵکی سنە

چوار مامۆستای خەڵکی سنە بە ناوەکانی محەممەد ڕەزا مورادی، سەلاح حاجی میرزایی، غیاس نیعمەتی و بێهزاد قەوامی کە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکا

٢٩ جۆزەردان ٢٧٢٢، ١٢:٢١



هەنگاو: یەکشەممە ۲۹ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

چوار مامۆستای خەڵکی سنە بە ناوەکانی محەممەد ڕەزا مورادی، سەلاح حاجی میرزایی، غیاس نیعمەتی و بێهزاد قەوامی کە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، هێشتا دەستبەسەرن.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی هەنگاو، ئەو چوار مامۆستایە هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگیراون و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.

هەنگاو زانیویەتی کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی جۆزەردان، کۆمەڵێک لە مامۆستایان و هەروەها ئەندامانی بنەماڵەی ئەو مامۆستایانە، لە بەردەم دادگای شۆڕشی سنە کۆبوونەتەوە و خوازیاری ئازادیی بێ مەرجی ئەو چوار مامۆستایە بوون.

محەممەد ڕەزا مورادی تەمەن ٤٥ ساڵ، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی سنە - کەڵاتەرزان ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ جۆزەردان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا. هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی ئیتلاعات ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکانی محەممەد ڕەزا مورادی و هاوژینەکەیدا گرتووە.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردان، سەڵاح حاجی میرزایی، غیاس نیعمەتی و بێهزاد قەوامی دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی مامۆستایانی شاری سنە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە لە ماڵەکانی خۆیاندا دەستبەسەر کراون.

شایانی باسە ڕۆژی چوارشەممەش لانی کەم ٥ مامۆستای دیکەی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی مریەم ئەحمەدی، ڕەزا ئەلیاسی، بەها مەلەکی، فاتیح ئەسەدی و جەبار پاکزاد بۆ ئیتلاعاتی سنە بانگ کران و پاش ٤ کاتژمێر لێپرسینەوە بە واژۆ کردنی بەڵێننامە ئازاد کران. هەروەها ئەم پێنج مامۆستایە ڕۆژی پێنجشەممەش لە ماڵەکانی خۆیان بەندکرابوون و مافی هاتنە دەرەوەیان لە ماڵ نەبووە.


مامۆستایانی دەستبەسەرکراوی سنە؛ ٩ حاڵەت

١_ سەلاح حاجی میرزایی ٢_ محەممەد ڕەزا مورادی ٣_ غیاس نێعمەتی ٤_ بێهزاد قەوامی ٥_ مریەم ئەحمەدی (ئازاد بووە) ٦_ ڕەزا ئەلیاسی (ئازاد بووە) ٧_ جەبار پاکزاد (ئازاد بووە) ٨_ فاتیح ئەسەدی (ئازاد بووە) ٩_ بەها مەلەکی (ئازاد بووە)
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە