بەرزان محەمەدی حوکمی ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سەوڵاوا کە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تارانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە تۆمەتی چالاکی دژی نیزام.

١٢ ڕەزبەر ٢٧١٨، ١٠:٠٥

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سەوڵاوا کە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تارانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە تۆمەتی چالاکی دژی نیزام حوکمی ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە (١١ی ڕەزبەری ٢٧١٨ / ٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی  دادوەر سەڵەواتی، حوکمی ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەر بەرزان محەمەدی هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەوڵاوا سەپاند.

ئەو حوکمە بە هۆی بەشداری لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی مانگی گەلاوێژی تاران و چالاکی دژی نیزام بە سەر ناوبراودا سەپێندراوە.

سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی تاران لەگەڵ ناوبراو محاکمە کراون کە هەر کامەیان حوکمی ٢ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

بەرزان محەمەدی کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی گۆشخانە سەوڵاو، ڕۆژی هەینی (١٢ی گەلاوێژی ٢٧١٨ / ٣ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی تارانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی محەمەدی، ناوبراو دوای ئەوەی ١٢ ڕۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیراوە، بۆ بەندیخانەی فشافوویە لە باشووری تاران گوازراوەتەوە.

بەرزان محەممەدی تەمەن ٤٠ ساڵ و لە ڕەوتی دادگایی کردنیدا  لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش کراوە.

ناوبراو لە تاران سەرقاڵی کرێکاری بووە و دوای ئەوە دەستبەسەر کراوە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ماڵەکەی پشکێندراوە و کەرەستە تایبەتییەکانی زەوت کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە