بەرزان محەمەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا

هەنگاو: بەرزان محەمەدی چالاکی مەدەنی خەڵکی سەوڵاوا کە ساڵی ڕابردوو لە بەندیخانە ئازاد کرابوو، دیسان دەستبەسەر کرایەوە.

١٧ جۆزەردان ٢٧٢١، ١٨:٢٦

 

هەنگاو: بەرزان محەمەدی چالاکی مەدەنی خەڵکی سەوڵاوا کە ساڵی ڕابردوو لە بەندیخانە ئازاد کرابوو، دیسان دەستبەسەر کرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (٧ی ژوئەنی ٢٠٢١)، هێزە ئەمنییەکان بەرزان محەمەدییان لەگوندی گۆشخانی (زێدی خۆی) کە گوندێکی سەر بە شاری سەوڵاوایە، دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرزان محەمەدی لە کاتێکدا نەخۆش بووە و لە ماڵ براکەی ماوەتەوە، لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هۆ یان هۆکارەکانی دەستبەسەر کرانی ئەم چالاکە کوردە نادیارە.

جێگای ئاماژەیە کە بەرزان محەمەدی لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٨ی تاران واتە ڕۆژی هەینی ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢١٨ (٣ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەری سەڵەواتی  بەتۆمەتی بەشداری لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی مانگی گەلاوێژی تاران و چالاکی دژی نیزام حوکمی ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ئەو حوکمە مانگی ڕەشەممەی هەمان ساڵ لەلایەن دادگای پێداچوونەوە وە بۆ سێ سال و ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

بەرزان محەمەدی دواجار دوای ٤٢ مانگ بەندکران  ڕۆژی دوشەممە ١٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٧ی ژوئەنی ٢٠٢٠) لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە