بەرزان محەمەدی ئەشکەنجە دراوە و سزای نوێی بە سەردا سەپاوە

هەنگاو: بەرزان محەمەدی، لە چالاکانی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سەوڵاوا، دوو حەفتە پاش دەستبەسەرکرانی، بە شێ

١٠ پووشپەڕ ٢٧٢١، ١٣:٠٤

 

هەنگاو:  بەرزان محەمەدی، لە چالاکانی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سەوڵاوا، دوو حەفتە پاش دەستبەسەرکرانی، بە شێوازی ئەلەکترۆنی و لە ناو بەندیخانەدا دادگایی کرا و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (٢٣ی ژوئەنی ٢٠٢١)، بەرزان محەمەدی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەوڵاوا، دوو حەفتە پاش دەستبەسەرکرانی، لە لایەن دادگای شۆڕسی مەریوانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر رووزبێ بێهبوودی، سزای ٢٢ مانگ ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی محەمەدی، بەرزان بە تۆمەتی "سووکایەتی کردن بە ڕێبەری ئێران" بە ١٥ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی پڕۆپاگەندە لە دژی کۆماری ئیسلامی بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران سزا دراوە و بە گوێرەی یاسای کۆ کردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتا ١٥ مانگ و ١ ڕۆژی لەسەر جێبەجێ دەکرێ.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند کە دادگای بەرزان محەمەدی بە شێوەی ئەلەکترۆنی و لە ناو بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان بەڕێوە چووە.

بە گوێرەی فایلێکی دەنگی کە بۆ هەنگاو بەڕێ کراوە، بەرزان دەڵێ لە ئیتلاعاتی سپای سەوڵاوا ئەشکەنجە دراوم و ویستوویانە نامەیەک کە پێشتر سەبارەت بە هاوکاری کردن لەگەڵ سپای پاسداران ئامادە کرابوو واژۆ بکەم بەڵام من ئامادە نەبووم واژۆی بکەم.

بەرزان محەممەدی ڕۆژی دووشەممە ١٧ جۆزەردانی ٢٧٢١ (٧ی ژوئەنی ٢٠٢١) لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سەولاواوە دەستەبەسەر کرابوو  و ئیستا لە بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان لە بەنددایە.

جێگای ئاماژەیە کە بەرزان محەمەدی لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٨ی تاران واتە ڕۆژی هەینی ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢١٨ (٣ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەری سەڵەواتی  بەتۆمەتی بەشداری لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی مانگی گەلاوێژی تاران و چالاکی دژی نیزام حوکمی ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ئەو حوکمە مانگی ڕەشەممەی هەمان ساڵ لەلایەن دادگای پێداچوونەوە وە بۆ سێ سال و ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

بەرزان محەمەدی دواجار دوای ٤٢ مانگ بەندکران  ڕۆژی دوشەممە ١٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٧ی ژوئەنی ٢٠٢٠) لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە