بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی بۆکان بۆ بەندیخانەی خەڵخاڵ دوور خرایەوە

هەنگاو: بەندکراوێكی سیاسی خەڵکی بۆکان دوای تێکهەڵچوونی چەکداری مانگی پووشپەری ئەمساڵ، لە ڕێگای میاندواو-بۆکان دەستبەسەر کرا،

٧ ڕەشەمە ٢٧١٨، ٢٠:٣٥

 

هەنگاو: بەندکراوێكی سیاسی خەڵکی بۆکان چەند ڕۆژ پێش تێکهەڵچوونی چەکداری مانگی پووشپەری ئەمساڵ، لە ڕێگای میاندواو-بۆکان دەستبەسەر کرا، بۆ بەندیخانەی خەڵخاڵ دوور خرایەوە.

بەپێی هەواڵی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەلاح شەریفزادە هاووڵاتی تەمەن ٤٤ ساڵی خەڵکی بۆکان، چەند ڕۆژ پێش تێکهەڵچوونی چەکداری ڕۆژی (پێنج شەمە ٢١ی پووشپەری ٢٧١٨/ ١٢ی ژوئیە ٢٠١٨) لە نێوان پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی ئیتلاعاتی دەستبەسەر کرابوو، بۆ بەندیخانەی خەڵخاڵ لە پارێزگای ئەردەبێڵ گوازرایەوە.

سەلاح شەریفزادە کە بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێو شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوو، رۆژی شەممە (٤ی رەشەمە) بۆ بەندیخانەی خەڵخاڵ دوور خراوەتەوە

لە تێکهەڵچوونی چەکداری رێگای میاندوواو بۆ بۆکان، دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی گیانیان لەدەست دا و دوو ئەندامی ئیدارەی ئیتلاعاتیش کوژران.

ئەو بەندکراوە سیاسی تا ئێستا دادگایی نەکراوە، بەڵام بۆ ماوەی حوکمی ١٦ ساڵ کە پێشتر بە سەریدا سەپابوو، دوور خراوەتەوە بۆ بەندیخانەی خەڵخاڵ.

سەلاح شەریفزادە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە کە پێشتر ١٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و ئێران بەجێهێشتبوو، ناوبراو دوای گەڕانەوە بۆ ئێران و دەستبەسەر کران لەلایەن هێزەکانی ئێران، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ بەندیخانەی خەڵخاڵ گوازراوەتە و هەتا ئێستا بە بۆنەی کەیسی دووهەمیەوە دادگایی نەکراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە