بەندکراوێکی سیاسی لە ئورمیە حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

و، بە هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە کە هاوینی ئەمساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابو

٨ ڕێبەندان ٢٧١٩، ١٤:٣٢

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە کە هاوینی ئەمساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامەتی حیزبێکی کوردستانی حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٨ی بەفرانباری ٢٧١٩ (٢٨ی ژانویەی ٢٠٢٠)، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی ”هەلەفەلە“ سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ئورمیە بە ناوی ”ناسر مەحموود نژاد“ تەمەن ٣٤ ساڵ حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

ئەو حوکمە لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر ”شەیخلوو“ و بە تۆمەتی ”هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران“ بە سەر ناوبراودا سەپاوە.

ناسر مەحموود نژاد ڕۆژی شەممە ٥ی گەلاوێژی ٢٧١٩ (٢٧ی ژوئیەی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیەوە بە تۆمەتی بەزاندنی نایاسایی سنوور و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستبەسەر و دوای ٢٠ ڕۆژ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بەندی ٤ی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازربوویەوە.

ناوبراو مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لەلایەن لقی ١٠٧ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی بەزاندنی سنوور حوکمی ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ئێستا لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە و ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

 

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە