بەندکراوێکی سیاسی کورد تووشی پەتای کۆرۆنا بووە

هەنگاو: یەکێک لە بەندکراوانی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە، تووشی پەتای کۆرۆنا بووە.

١١ ڕەزبەر ٢٧٢١، ٠٤:٠٩

 

هەنگاو: یەکێک لە بەندکراوانی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە، تووشی پەتای کۆرۆنا بووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هۆشەنگ ڕەزایی، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی نەهاوەند سەر بە پارێزگای هەمەدان کە ئێستا ١٢ ساڵە بە بێ هەبوونی مافی مرەخەسی لە بەندیخانە ڕاگیراوە، تووشی پەتای کۆرۆنا بووە و بۆ بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج گوازراوەتەوە.

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین بەندکراوی سیاسی دیکە وەکوو ئارشام ڕەزایی تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و بۆ بەندی قەرەنتینەی ئەو بەندیخانەیە گوازراونەتەوە.

هۆشەنگ رەزایی تەمەن ٣٦ ساڵ  ڕۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧١٠ (١٩ی ژوئەنی ٢٠١٠) لە تاران دەستبەسەر و رەوانەی بەندی ٢٠٩ کرا و بۆ ماوەی ٦ مانگ لە ژێر ئەشکەنجەدا لە ژووری تاکەکەسی راگیرا و پاشان بۆ بەندی ٣٥٠ گوێزرایەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسیە ساڵی ٢٧١١ (٢٠١١) لە دوو دانیشتنی دادگادا لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی، بەبێ ئەوەی ئیزنی هەڵبژاردنی پارێزەری هەبێت بە تۆمەتی موحارەبە لە رێگەی "هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵە"، "بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی سالی ٨٨"، هەڵگرتنی چەک و پەرێنەوە لە سنوور" بە ١٠ ساڵ بەندکران و سێدارە سزا درا کە هیچ کات پێی ڕانەگەیندرا.

داوای پێداچوونەوە بە دۆسیەی هۆشەنگ ڕەزایی ساڵی ٢٧١٨ (٢٠١٨) پەسەند کرا و دۆسیەکەی گەڕێندرایەوە بۆ لقی ٢٨ی دادگای شۆڕش و بە پێی ئەو سزایەی کە دەرکرا، بە تۆمەتی ”بغی لە رێگای هاوکاری کۆمەڵە“ سزای ١٥ ساڵ و بە تۆمەتی ڕاگرتنی چەک سزای ٨ ساڵ و بە تۆمەتی بەزاندنی سنوور حوکمی ٢ ساڵ و سەرجەم سزای ٢٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

بە پێی ماددەی ١٣٥ (کۆکردنەوەی سزاکان) زیاترین سزا کە ١٥ ساڵە حسێب دەکرێت و لەو ڕووەوە کە هۆشەنگ قادری ماوەی ١٢ ساڵە لە بەندیخانەیە، دەبێ زیاتر لە ٣ ساڵی دیکە لە بەندیخانە بمێنێتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە