بەیاننامەی ڕێکخراوی هەنگاو بە نیسبەت شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە کوردستان

٢٢ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ٢١:٥٤

 

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو،ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٢٨ هاووڵاتییان لە شارەکانی بانه، سەقز و مەریوان بە هۆکاری ناڕوون دەستبەسەر کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان لە زۆربەی حاڵەتەکان هێزە ئەمنییەکان لەاتی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان توندوتیژییان بەکار هێناوە و بە ببێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی و دادوەری ئەو کەسانەیان دەستبەسەر کردووە و دەستیان بەسەر شت و مەکەکانیاندا گرتووە.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە لەهێندێک لە ناوچەکان بە هۆی کوێستانی بوون هێزە ئەمنیەکان بە مەبەستی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیان کەڵکیان لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان وەرگرتووە . هەر لەم پەیوەندییەدا و ئەوەی کە زۆر جێگای تێڕامانە ئەوەیە کە هێزە ئەمنییەکان کەڵکی نابەجێیان لە ئۆتۆمبیلەکانی مانگی سوور و هەروەها ئۆتۆمبێلی هاتووچۆی گشتی وەرگرتووە هێزەکانی خۆیان و تەنانەت چەکی نیوە قورسیان بەو ئۆتۆمبێلانە گواستووەتەوە.

ئەم کەسانە لەو کاتەوە دەستبەسەر کراون چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە ، ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەپێی خودی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران مافی بنەڕەتیی هەر تۆمەتبارێکە کە بنەماڵەکەی لە چارەنووسی ئاگادار بن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای نیگەرانی بە نیسبەت دۆخی دەستبەسەرکراوەکان خوازیاری گرینگی دانی زیاتری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤە بەم پرسە و هەروەها کەشی ئەمنی کە بە سەر ناوچەکەدا زاڵ بووە و هێزە ئەمنییەکان بە جێگیری کردنی هێزەکانی خۆیان ئاسایش و ژیانی ئاساییان لە خەڵکی ناوچەکە تێکداوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە