تووشبوونی بەندکراوێکی سیاسی بە پەتای کۆرۆنا و ڕاپەڕینی بەندکراوانی بەندیخانەی ئورمیە

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە دوای ئەوەی دوو حەفتە پێش گەڕاوەتەوە بەندیخانە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە و بۆ نا

٢٣ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ١٠:٢٦


هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە دوای ئەوەی دوو حەفتە پێش گەڕاوەتەوە بەندیخانە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە گوازراوەتەوە و گیانی باقی بەندکراوان لە مەترسیدایە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٠ی مەی ٢٠٢٠)، بەندکراوێکی سیاسی بە ناوی ”محەمەد شەریف سالم“ لە ناو بەندیخانەی ئورمیە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە و بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازراوەتەوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، محەمەد شەریف سالم ماوەیەک پێش چووبووە مرەخەسی و دوو حەفتەی پێش گەڕاوەتەوە بۆ بەندیخانە و ڕەوانەی بەندی ”تلاش“ کراوە و هەر لەوێ تووشی پەتای کۆرۆنا بووە.


محەمەد شەریف سالم تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی دزەی مەرگەوەڕی ئورمیەیە کە هاوینی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر و پاییزی هەمان ساڵ لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی ”هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران“ حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ئە وحوکمە مانگی بەفرانبار لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە بۆ سێ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، شەوی ڕابردوو بەندکراوانی ڕاگیراو لە بەندەکانی ”تلاش، ئەمن و حمایت“ی بەندیخانەی ئورمیە و ڕۆژێک دوای ڕاگاستنی محەمەد شەریف ساڵم بۆ دەرەوەی بەندیخانە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بە پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا و کەمکاری بەرپرسانی بەندیخانە، ڕاپەڕین و بەندی ئەمنی بەندیخانەیان ئاگرد تێبەردا.


ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە نزیکەی ١٠ بەندکراوی سیاسی ئێستا لە بەندی ئەمنی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراو. ناسنامەی بەشێک لە وبەندکراوە سیاسیانە کە بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە، ئورمهان قاسمی، کامران دەروێشی، کەیوان ڕەشۆزادە و ئومید سەعیدی ڕاگەیەندراوە.


سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە، هەرچەند بە پێی یاساکانی بەندیخانە، ئەوانەی لە مرەخەسی دەگەڕێنەوە دەبێت ١٤ ڕۆژ لە بەندی قەرەنتینە بمێننەوە، بەڵام سێ بەندکراوی مەزهەبی بە ناوەکانی محەمەد حوسێنپوور، موحسین مەحاڵی و فارۆق لەواشلۆیی تەنیا ڕۆژێک لە بەندی ”تلاش“ ڕاگیراون و دواتر گوازراونەتەوە بۆ بەندی بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی. بەندی ”تلاش“ هەر ئەو بەندەیە کە محەمەد شەریف ساڵم تێیدا تووشی پەتای کۆرۆنا بووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەتا ئێستا ٧ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە سەد بەندکراوی دیکە تووشبوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە