تەقینەوەی مین لە پیرانشار قوربانی لێکەوتەوە

هەنگاو: جووتیاریکی خەڵکی پیرانشار لە کاتی کار کردن لە زەوییە کشت و کاڵییەکەی خۆیاندا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوو.

٢٢ جۆزەردان ٢٧٢٠، ١٢:٢٦


هەنگاو: جووتیاریکی خەڵکی پیرانشار لە کاتی کار کردن لە زەوییە کشت و کاڵییەکەی خۆیاندا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوو.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٩ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، بە هۆی تەقینەوەی مین لە گوندی ”لک بن“ی پیرانشار جووتیارێک بە سەختی بریندار بووە.


هەواڵنێری هەنگاو لە پیرانشار ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە کوردەی ”سەتار ئەسغەری“ کوڕی عەبدوڵلا ڕاگەیاندووە.


ئەو هاووڵاتییە کوردە لەکاتی کار کردن و ئاودێری کردنی زەوی کشت و کاڵی لاقی چووەتە سەر مین و چەند قامکی لاقی لە دەست داوە.


 هەروەها، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ١٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٠( ٧ی ژوئەنی٢٠٢٠)، هاووڵاتییەکی بانەیی بە ناوی " حەیدەر عەلی یاری" بە هۆی تەقینەوەی مین لە بەرزاییەکانی سنووری گوندی " سارداو" بە سەختی بریندار بووە.


بە پێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٧٢٠ تا ئێستا لانیکەم ٩ هاووڵاتی لە شارەکانی پیرانشار، سەقز، دێهلۆڕان، مێهران و بانە بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە