جەبار دووستی مامۆستای دەستبەسەرکراوی مەریوانی بە بارمتە ئازاد کرا

٣١ جۆزەردان ٢٧٢٢، ١٦:٥٤


هەنگاو: سێشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

جەبار دووستی یەکێک لە مامۆستایانی فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی مەریوان و ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی مەریوان ڕۆژی سێشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ دوای دوو حەفتە دەستبەسەرکران بە بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، جەبار دووستی لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

جەبار دووستی تەمەن ٦١ ساڵ ڕۆژی سێشەممە ١٧ی جۆزەردان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا. هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئەو مامۆستایە ماڵی ناوبراویان پشکنیوە.

جێگای ئاماژەیە کە جەبار دووستی جارێکی دیکەش لە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو نەخۆشی دڵی هەیە و بەردەوام دەرمان بەکار دەهێنێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە