خالید فەرەیدوونی بەندکراوی سیاسی کورد بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرایەوە

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی مەهاباد کە دوو دەیەیە بەبێ یەک ڕۆژ مافی مرەخەسی لە بەندیخانە ڕاگیراوە، دوای ئەوەی داوای مافی مەرەخەسی کردووە بۆ ژووری تاک

٢٩ سەرماوەز ٢٧٢١، ٢٢:٤٢

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی مەهاباد کە دوو دەیەیە بەبێ یەک ڕۆژ مافی مرەخەسی لە بەندیخانە ڕاگیراوە، دوای ئەوەی داوای مافی مەرەخەسی کردووە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١١ی پێش نیمەڕۆی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (١٩ی دێسامبری ٢٠٢١(، خالید فەرەیدوونی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بە سەردا سەپاوە و ماوەی ٢١ ساڵە لە مافی مرەخەسی بێبەشە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانەی ئورمیەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ئورمیە، ، خالید فەرەیدوونی نامەیەکی ڕوو لە ئیدارەی ئیتلاعاتی نووسیوە و داوای کردووە ئازاد بکرێت یان لانیکەم مافی مرەخەسی پێ بدرێت و ئەوانیش لە وڵامدا وتوویانە: “تۆ تۆمەتباری یەکەمی دۆسیەکەیت و سزاکەت بەندکرانی هەتاهەتایی، کەوابوو نە ئازاد دەکرێی و نە مافی مرەخەسیت پێ دەدرێت”.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە ڕۆژی ڕابردوو دووای ئەوەی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە وڵامی ڕەد بۆ داواکارییەکەی مانی لەخواردن گرتووە و بە فەرمانی “بەخشی” بەپرسی بەندیخانەی ئورمیە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە گوازراوەتەوە.

عومەر فەقێ پوور هاودۆسیەی خالید فەرەیدوونی بەهاری ئەمساڵ دوای ٢١ سال بەندکران بەر لێبوردن کەوت و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

عومەر فەقێ پوور و خالید فەرەیدوونی لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بوون کە لە ڕێکەوتی ١٠ خەرمانانی ٢٧٠٠ (٣١ی ئاگۆستی ٢٠٠٠) لە یەکێک لە گوندەکانی پیرانشار کەوتنە کەمینی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە و دەستبەسەر کران.

ئەم دوو کەسە لە کاتی دەستبەسەرکرانیانەوە لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و مەهاباد بە شێوەیەکی بێ بەزەییانە کەوتوونەتە ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و لە ماوەی ٢١ ساڵی ڕابردوودا لە بەندیخانەکانی پیرانشار، مەهاباد، ڕەجایی شاری کەرەج و ئورمیە ڕاگیراون.

ئەو دوو بەندکراوە سەرئەنجام بە دەستوەردانی دەزگا ئەمنییەکان لە پاییزی ئەو ساڵەدا، لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە، بە تۆمەتی شەڕ کردن لەگەڵ خوا لە ڕێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا، بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو. ئەم بڕیارە چەند ساڵ دواتر و لە ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٠٥ (٣ی ئاوریلی ٢٠٠٥)، لە لایەن دادگای پێداچوونەوەوەی پارێزگای ئورمیەوە ئەو سزایە بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.

خالید فەرەیدوونی و عومەر فەقێ پوور، پاش ئەوەی سزاکەیان بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە، لە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٠٧ (٣ی دێسامبەری ٢٠٠٧) لەسەر بڕیاری دەزگا ئەمنییەکان گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج. لە پاش ١٠ ساڵ بەندکران لەو بەندیخانەیە و لە دۆخێکی نامرۆڤانەدا، لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ (١٥ی نۆڤامبەری ٢٠١٧)، لەگەڵ بەندکراوێکی دیکە بە ناوی محەمەدی نەزەری، گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە