عومەر فەقێ پوور دوای ٢١ ساڵ بەندکران ئازاد کرا

هەنگاو: عومەر فەقێ پوور بەندکراوی سیاسی خەڵکی بۆکان کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بە سەردا سەپابوو، دوای ٢١ ساڵ بەندکران بە

٢٣ خاکەلێوە ٢٧٢١، ٠٣:٣٧

 

هەنگاو: عومەر فەقێ پوور بەندکراوی سیاسی خەڵکی بۆکان کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بە سەردا سەپابوو، دوای ٢١ ساڵ بەندکران بەر لێبوردن کەوت و ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیمەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ (٢٢ی ئاوریلی ٢٠٢١)، عومەر فەقێ پوور، بەندکراوی سیاسی خەڵکی بۆکان دوای ٢١ ساڵ بەندکران بە بێ هەبوونی مافی مرەخەسی بەر لێبوردن کەوت و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

عومەر فەقێ پوور و خالید فەرەیدوونی لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بوون کە لە ڕێکەوتی ١٠ خەرمانانی ٢٧٠٠ (٣١ی ئاگۆستی ٢٠٠٠) لە یەکێک لە گوندەکانی پیرانشار کەوتنە کەمینی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە و دەستبەسەر کران.

ئەم دوو کەسە لە کاتی دەستبەسەرکرانیانەوە لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و مەهاباد بە شێوەیەکی بێ بەزەییانە کەوتوونەتە ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و لە ماوەی ٢١ ساڵی ڕابردوودا لە بەندیخانەکانی پیرانشار، مەهاباد، ڕەجایی شاری کەرەج و ئورمیە ڕاگیراون.

ئەو دوو بەندکراوە سەرئەنجام بە دەستوەردانی دەزگا ئەمنییەکان لە پاییزی ئەو ساڵەدا، لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە، بە تۆمەتی شەڕ کردن لەگەڵ خوا لە ڕێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا، بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو. ئەم بڕیارە چەند ساڵ دواتر و لە ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٠٥ (٣ی ئاوریلی ٢٠٠٥)، لە لایەن دادگای پێداچوونەوەوەی پارێزگای ئورمیەوە ئەو سزایە بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.

خالید فەرەیدوونی و عومەر فەقێ پوور، پاش ئەوەی سزاکەیان بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە، لە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٠٧ (٣ی دێسامبەری ٢٠٠٧) لەسەر بڕیاری دەزگا ئەمنییەکان گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج. لە پاش ١٠ ساڵ بەندکران لەو بەندیخانەیە و لە دۆخێکی نامرۆڤانەدا، لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ (١٥ی نۆڤامبەری ٢٠١٧)، لەگەڵ بەندکراوێکی دیکە بە ناوی محەمەدی نەزەری، گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیە.

ئەم دوو بەندکراوە سیاسەییە تەنانەت لە خزمەتگوزاریی تەندروستی و مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمانیش بێبەش کراون بە شێوەیەک کە عومەر فەقێ پوور لە کاتێکدا کە لە بەندیخانەی ئورمیە لە بەنددا بووە، بە هۆی ئەوەی بەرپرسانی بەندیخانە ڕێگایان نەداوە بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە و شوێنی چارەسەریی پزیشکی، بیناییی چاوی چەپی خۆی لەدەست داوە.

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، بەرپرسان و لێپرسراوانی ئەمنی، چەندین جار بەم دوو بەندکراوەیان ڕاگەیاندووە کە کەوتوونەتە بەر لێبوردن و داوایان لێ کراوە کۆمەڵێک وەرەقەی پێویست پڕ بکەنەوە بەڵام هەر جارەو بە بیانوویەک، لێبوردنەکە ئەوانی نەگرتووەتەوە و ئەمجارەش تا ئێستا خالید فەرەیدوونی بەر لێبوردن نەکەوتووە و تەنیا عومەر فەقێ پوور ئازاد کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە