خەبات شەکیبا چالاکی کرێکاری خەڵکی سنە هێشتا دەستبەسەرە

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی کرێکاری خەڵکی سنە دوای ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەر کران هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگیراوە.

٢٢ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١٢:١٦

 

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی کرێکاری خەڵکی سنە دوای ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەر کران هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگیراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، دوای تێپەڕینی ٤٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی خەبات شەکیبا، چالاکانی کرێکاری خەڵکی سنە، ناوبراو هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە و تەنیا دوو جار لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییەکی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی شەکیبا لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: لە ماوەی ڕابردوودا بنەماڵەی شەکیبا چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتیان کردووە بەڵام هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووەتەوە. هەروەها وتیشی کە خەبات شەکیبا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و مافی هەبوونی پارێزەریش بێبەش کراوە.

خەبات شەکیبا تەمەن ٣٣ ساڵ و چالاکی کرێکاری خەڵکی سنە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٢٩ی ژانویەی ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و بەبێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری دەستبەسەر کرا.

هەنگاو پێشتر لە زاری کەسێکی نزیکی بنەماڵەی شەکیبا ڕایگەیاندبوو کە، کاتژمێری یەکی نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە و لە حاڵێکدا کە خەبات شەکیبا بە مەبەستی بەشداری لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی یەکێک لە ناسراوەکانی سەردانی گۆڕستانی «بەهەشتی محەممەدی» کردبوو، هەر لەو گۆڕستانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە».

خەبات شەکیبا هاوینی ٢٧١٨) ٢٩١٨ (لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای تاوانەکانی سنە بە تۆمەتی گردبوونەوەی نایاسایی لە ڕۆژی جیهانیی کرێکار و بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەورۆز سزای ٣ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو کە سزاکەی بۆ پێ بژاردنی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن پارە گۆڕابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە