چارەنووسی خەدیجە مێهدی پوور چالاکی ژنی خەڵکی ئیلام نادیارە

هەنگاو: دوای تێپەڕینی نزیکەی سێ مانگ لە دەستبەسەرکرانی چالاکێکی مەدەنی خەڵکی شاری ئەیوانی ڕۆژئاوا سەر بە پارێزگای

١٢ بەفرانبار ٢٧٢١، ٢٣:٥٣

 

هەنگاو: دوای تێپەڕینی نزیکەی سێ مانگ لە دەستبەسەرکرانی چالاکێکی مەدەنی خەڵکی شاری ئەیوانی ڕۆژئاوا سەر بە پارێزگای ئیلام چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی نادیارە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تیپەڕینی نزیکەی سێ مانگ لە دەستبەسەر کرانی خەدیجە مێهدی پوور تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری ئەیوانی ڕۆژئاوا و دانیشتووی ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، هیچ زانیارییەک لە سەر شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا خەدیجە مێهدی پوور لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و هەروەها مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی دڵنیگەرانی بنەماڵەکەی.

خەدیجە مێهدی پوور ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٠ی ئۆککتۆبری ٢٠٢١) بەبێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری ئیلامەوە دەستبەسەر کرا.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە خراونەتە پاڵ ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.

جێگای ئاماژەیە کە خەدیجە مێهدی پوور  ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠) جارێکی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەر و دواتر بە بارمتە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە