درێژەی دەستبەسەرکرانی نایاسایی ئیبراهیم تاریمورادی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی سنەوە

هەنگاو: دوای تێپەڕبوونی نزیکە چل ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئیبراهیم تاریمورادی خەڵکی شاری سنە و سەرەڕایی ئەوەیکە نەخۆشە و پێویستی بە ب

٨ خەرمانان ٢٧٢١، ١٠:١٩

 

هەنگاو: دوای تێپەڕبوونی نزیکە چل ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئیبراهیم تاریمورادی خەڵکی شاری سنە و سەرەڕایی ئەوەیکە نەخۆشە و پێویستی بە بەکارهێنانی دەرمانە، لە مافی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕایی تێپەڕبوونی نزیک بە ٤٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی ئیبراهیم تاریمورادی تەمەن ٥٦ ساڵ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات شاری سنەوە، تا ئێستا بە شێوەی نایاسایی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگیراوە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی تاریمورادی، ناوبراو نەخۆشینی زەختی خوێن و شەکرە و هەروەها نەخۆشینی دڵی هەیە و تا ئێستا  لە دەسپێڕاگەیشتن بە دەرمانە تایبەتەکانی خۆی بێبەش کراوە و ئەم بابەتە دڵەڕاوکەیەکی زۆری بۆ بنەماڵەکەی دروست کردووە.

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لە درێژەدا ڕاگەیاند:" لە ماوی نزیک بە ٤٠ ڕۆژی ڕابردوودا ئیبراهیم تاریمورادی لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و تەنیا دووجار لە رێگای تەلەفۆن و بۆ ماوەیەکی زۆر کەم توانیویەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی قسە بکا.”

شایانی باسە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکرانی تاریمورادی و ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵی بە بنەماڵەی ناوبراو ڕانەگەیندراوە.

ئیبراهیم تاریمورادی خەڵکی گوندی هەمڕۆڵە سەر بە شاری سنەیە کە ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢ی گەلاوێژ٢٠٢١ (٢٤ی جولای ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شاروەوە دەستبەسەر کرا.

پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە چوار ئوتۆمبێلی پڕ لە هێز هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئیبراهیم تاریمورادی و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی کەلوپەلە تایبەتەکانی وەک مۆبایل و میمۆری و کتێبەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە