درێژەی دەستبەسەرکرانی چوار مامۆستای خەڵکی دیواندەرە دوای دوو مانگ

٢٧ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ١٠:٥٦


هەنگاو: پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

چوار مامۆستای دەستبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی ئومێد شامحەممەدی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ تا ئێستا لە دەستبەسەرگەری ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئەم چوار مامۆستایە، دوا دوو مانگ ئەو چوار کەسە مافی دەسپیڕاگەیشتن بە پارێزەریان و هەروەها دیتنی بنەماڵەکانیان بێبەشن.

هەنگاو زانیویەتی ناوەندە ئەمنییەکان ئەم چوار مامۆستایەی خەڵکی دیواندەرەیان بە هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران تۆمەتبار کردووە.

هەروەها دادگای شۆڕشی سنە داوای بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بۆ هەر کارم لە مامۆستایان کردووە و سەرەڕای دابینکردنی ئەم بڕە پارەیە هێشتا بڕیاری ئازادیی کاتییان نەدراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان پێنج کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی دیواندەرە بە ناوەکانی ئومێد شامحەممەدی، عوسمان ڕەزایی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە بەبێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران.

عوسمان ڕەزایی ڕۆژی شەممە ٢٨ی جۆزەردانی بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراو و چوار مامۆستای دیکە هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم پێنج کەسە و وێڕای لێدان و بێ ڕێزی کردن پێیان ماڵەکانیانیان پشکنیوە و تەنانەت لە ژنی دوو کەس لەو مامۆستایانەیان داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە