چوار مامۆستای دیواندەرەیی هێشتا دەستبەسەرن

چوار مامۆستای دەستەبسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی ئومێد شامحەممەدی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە دوای تێپەڕینی ١٩ ڕۆژ لە دەستبەسەرکران

١٥ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ١١:١٠



هەنگاو: چوارشەممە ١٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

چوار مامۆستای دەستەبسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی ئومێد شامحەممەدی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە دوای تێپەڕینی ١٩ ڕۆژ لە دەستبەسەرکران هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئەم چوار مامۆستا دەستبەسەر کراوە، لە ماوەی ١٩ ڕۆژی ڕابردوودا ئەو چوار مامۆستایە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون و تەنیا دوو جار لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە ماڵەوە گرتووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان پێنج کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی دیواندەرە بە ناوەکانی ئومێد شامحەممەدی، عوسمان ڕەزایی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە بەبێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران.

عوسمان ڕەزایی ڕۆژی شەممە ٢٨ی جۆزەردانی بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراو و چوار مامۆستای دیکە هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم پێنج کەسە و وێڕای لێدان و بێ ڕێزی کردن پێیان ماڵەکانیانیان پشکنیوە و تەنانەت لە ژنی دوو کەس لەو مامۆستایانەیان داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە