دو ژنی بەندکراو لە بەندیخانەی سنە مانیان لە خواردن گرتووە

هەنگاو: پەروین ئەدوایی و فەریدە وەیسی کە لە بەندیخانەی ژنانی شاری سنە ڕاگیراوە، ماوەی پێنج ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.

٢٣ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١١:١٧


هەنگاو: پەروین ئەدوایی و فەریدە وەیسی کە لە بەندیخانەی ژنانی شاری سنە ڕاگیراوە، ماوەی پێنج ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەر یەک لە پەروین ئەدوایی و فەریدە وەیسی کە لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە (ناسراو بە بەندیخانەی ژنان) ڕاگیراو، لە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (٩ی مارسی ٢٠١٩) بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونی چارەنووسیان و هەروەها پێنەدانی مافی ئازادی بەمەرج، مانیان لەخواردن گرتووە.


سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی وەیسی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، بڕیار بوو فەریدە وەیسی و هاوژینەکەی لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە دانانی بارمتە ئازاد بکرێن، بەڵام بە هۆی کارشکێنی بەرپرسانی دەزگای دادوەری هێشتا ئازاد نەبوون و هەر بۆیەش فەریدە ماوەی پێنج ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە.


هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری دێولان ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٧١٩ (١٤ی ژانویەی ٢٠٢٠)، هێرشان  کردە سەر ناوەندی فێرکاریی “زانست” و سیروس عەباسی و هاوژینەکەیان بە ناوی فەریدە وەیسی دەسبەسەر کرد.


هەمان ڕۆژ، ئازاد عەباسی کە بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی برا و براژنەکەی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولانی کردبوو دەستبەسەر کرا.


ئازاد عەباسی، چالاکای مەدەنی خەڵکی شارۆچکەی دێولان سەر بە پارێزگای سنە (کوردستان)، ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (٧ی مارسی ٢٠٢٠)،  دوای دوو مانگ دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.بەڵام فەریدە وەیسی و سیرووس عەباسی هێشتا دەستبەسەرن.

پەروین ئەدوایی خەڵکی گوندی سەلێنی سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان، ڕۆژی شەممە ٥ی گەلاوێژ (٢٧ی ژوئیە) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ (٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) دوای سێ مانگ بەندکران بە دانانی بارمەتی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.


پەروین ئەدوایی چالاکی مەدەنی خەڵکی مەریوان کە لە بواری مافەکانی ژنان و منداڵان چالاکی هەبوو و ماوەیک پێش لەلایەن دادگای شۆڕشی مەریوانەوە بە تۆمەتی ”ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)“ حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، حوکمەکەی لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ ٢ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.


ئەو چالاکە مەدەنییە ڕۆژی پێنج شەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ (٣٠ی ژانویەی ٢٠٢٠) بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٢ ساڵەی حوکمەکەی دەستبەسەر و ڕوانەی ناوەندی چاکسازی و پەروردەی شاری سنە کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە