دوای کوژرانی ئەندامێکی سپای پاسداران لە پیرانشار ژنێک و دوو کوڕەکەی دەستبەسەر کراون

هەنگاو: دوابەدوای کوژرانی ئەندامێکی پلەبەرزی سپای پاسداران لە پیرانشار ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ژنێک و

٢٩ خاکەلێوە ٢٧٢١، ١٢:٣٤

 

هەنگاو: دوابەدوای کوژرانی ئەندامێکی پلەبەرزی سپای پاسداران لە پیرانشار ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ژنێک و دوو کوڕەکەیان دەستبەسەر کردووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ (١٧ی ئاوریلی ٢٠٢١)، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پیرانشار ژنێکیان بە ناوی “گوڵالە مورادی” تەمەن ٤٧ ساڵ هاوڕێ لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوەکانی “مەتین بەزازی” ١٤ سالە و و “تاهیر بەزازی” ٢١ ساڵە دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، گوڵالە مورادی و کوڕەکانی دوابەدوای کوژرانی عوسمان حاجی حوسێنی یەکێک لە ئەندامانی پلە بەرزی سپای پاسداران لە پیرانشار دەستبەسەر کراون.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، گوڵاڵە مورادی دوای دەستبەسەر کران بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازراوەتەوە و بڕیارە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بگوێزرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، چارەنووسی مەتین بەزازی و تاهیر بەزازی کە زاوای عوسمان حاجی حوسێنیشە  نادیارە و نازانرێت کە لە کوێ ڕاگیراون.

عوسمان حاجی حوسێنی شەوی هەینی ٢٧ی خاکەلیوە (١٦ی ئاوریل) لە جاددەی زیوەیە کوژراو پاش چەند کاتژمێر گرووپی هەڵۆکانی زاگرۆس بەرپرسیارێتی کوشتنی ئەو ئەندامەی سپای پاسدارانیان بە ئەستۆ گرت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە