دوایین زانیاری لە سەر باری تەندروستی سوعدا خەدیرزادە و هۆکاری هەوڵی خۆکوشتنەکەی

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد لە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە خۆی هە

٢٧ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ١٥:٥٩


هەنگاو: پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد لە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە خۆی هەڵواسی و کۆرپە دوو مانگانەکەشی دەرمان خوارد کردبوو، باری تەندروستی ناجێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.

بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی هەنگاو، ئاڵا کۆرپە دوو مانگانەکەی سوعدا لە بێهداری بەندیخانە لە ژێر چاودێرییە و خودی سوعدا خەدیرزادە بە بێ ئەوەی بیگوازنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە باری تەندروستی ناجێگیرە.


سوعدا خەدیرزادە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و پاراستنی زانیاری بەندیخانەی ئورمیە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە چەندین کاتژمێر لە ژێر گوشار و لێپرسینەوەدا بووە. هەنگاو زانیویەتی هێزە ئەمنییەکان ویستوویانە ڕێگەی پەیوەندی سوعدا لەگەڵ دەرەوەی بەندیخانە و چۆنیەتی بڵاو بوونەوەی هەواڵەکانی لەسەر خۆی منداڵەکەی بڵاو دەکرێتەوە بزانن.


لە ئاکامدا لێکۆڵەرەکان سوعدایان خستووەتە ژێر گوشار کە دەبێت لە پێش کامێرا قسە بکات و ناچاریان کردووە کە لەپێش کامێرا بڵێت «بارودۆخی ژنانی لە بەندیخانەی ئورمیە زۆر باشە و هەموو ئیمکاناتێک هەیە و خزمەتگوزاری بۆ خۆی و کۆرپەکەی بەردەستە و هەموو هەواڵەکان کە لەو بارەوە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە تایبەت هەنگاو بڵاو بووەتەوە درۆیە و دوورە لە ڕاستی».

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوەندە ئەمنییەکان سوعدایان لە ژێر گوشار داناوە کە ئەگەر لە پێش کامێرا ئەم قسانە نەکات ئەوە دۆسیەی دەروونی بۆ دروس دەکەن و منداڵەکەی لێ وەردەگرنەوە و ڕادەستی بێهزیستی دەکەن.
لە دوای گەڕانەوەی سوعدا بۆ بەندی ژنان ناوبراو سەرلەبەیانی ئەمڕۆ منداڵەکەی دەرمانداو کردووە و خۆیشی هەڵواسیوە و کە هاوبەندییەکانی فریای کەوتوون و لە مردن ڕزگار کراون بەڵام یەکێک لە چاوەکانی سوعدا بە سەختی ئازاری پێ گەیشتووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو جەخت دەکاتەوە و هەموو ئەو زەختانەی لە کاتی دووگیان بوونی سوعدا تا ئێستا لەسەریەتی دژە مرۆڤییە و داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە سەرنجی تایبەتی بە بارودۆخی سوعدا و کۆرپەکەی بدەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە