دوو بەندکراوی سیاسی کورد مانیان لە خواردن گرت

هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی بێهنام موسیوەند خەڵکی کۆیەشت (کوهدەشت) و سوهەیل عەرەبی خەڵکی قوروە دوای گواستنەوەیان بۆ بەندی قەرەنتین

٢٨ ڕەزبەر ٢٧٢١، ١٦:٠٠

 

هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی بێهنام موسیوەند خەڵکی کۆیەشت (کوهدەشت) و سوهەیل عەرەبی خەڵکی قوروە دوای گواستنەوەیان بۆ بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج مانیان لە خواردن گرت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بێهنام موسیوەند بەندکراوی سیاسی خەڵکی کۆیەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان و سوهەیل عەرەبی بەندکراوی خەڵکی قوروە سەر بە پارێزگای سنە لە ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١) دوای ئەوەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج درانە بەر لێدان و کوتان و بۆ بەندی قەرەنتینەیئەم بەندیخانەیە گوازرانەوە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەم کردەوەیە مانیان کلە خواردن گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو بەندکراوە بە بیانووی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پشکنینی جەستەییان لەلایەن هیزە ئەمنییەکانی بەندیخانەوە دراونەتە بەر لێدان و کوتان و دواتر بە فەرمانی ئەڵڵاکەرەم عەزیزی بەرپرسی بەندیخانەی ڕەجایی شار بۆ بەندی قەرەنتینە کوازراونەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەم دوو بەندکراوە کوردە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١) حازر نەبوون بەشداری دانیشتنی دادگایەک بکەن کە لە دۆسیەیەکی نوێدا و بە بیانووی تێکدانی تەکووزی بەندیخانە و بێ ڕێزی بە ڕێبەری ئێران بۆیان کراوەتەوە، بەشداری بکەن و لەلایەن وەلیوڵڵا محەمەدی، جێگری بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەجەوە هەڕەشەی لێدان و ئەشکەنجەیان لێکرابوو.

بێهنام موسیوەند تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری کۆیەشت سەربە پارێزگای لوڕستان، ڕۆژی پێنج شەممە ١٢ی ڕیبەندانی ٢٧١٧ (١ی فێوریەی ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری تاران دەستبەسەر و بۆ بەندی وەزارەتی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠١٩ی بەندیخانەی ئێڤین گوازرایەوە و دوای ٤٠ ڕۆژ بەندکران ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەممە (١٨ی مارس) بە دانانی بارمتیە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم چالاکە کوردە دواجار مانگی خەرمانانی ٢٧١٩ (سێۆپتامبری ٢٠١٩) لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر محەمەد مەقیسە بە تۆمەتی “کۆبوونەوە بە مەبەستی هەوڵدان دژ بە ئاسایشی وڵات” سزای ٥ ساڵ و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی حکوومەت” سزای یەک ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەۆا و ئەم سزایە لەلایەن لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران وەک خۆی پشتڕاستکرایەوە. بە پێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، زیاترین سزا واتە سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بێهام موسیوەند جێبەجێ دەکرێت.

بێهنام موسیوەند دواجار ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (١٤ی ژوئەنی ٢٠٢١) بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازرایەوە و مانگی خەرمانانی هەمان ساڵ (ئاگۆست) بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج دوور خرایەوە.

سوهەیل عەرەبی و هاوژینەکەی بە ناوی نەستەرەن نەعیمی ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ٢٧١٣ (٧ی دێسامبری ٢٠١٣) لەلایەن هێزەانی ئیتلاعاتی سپای تاران دەستبەسەر کران. نەستەرەن هەمان ڕۆژ ئازاد کرا و سوهەیل دواتر لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن لقی ٧١ی دادگای تاوانەکانی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سیامەک مودیرخوراسانی، بە تۆمەتی ”سب نەبی“ حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا.

لە ماددەی ٥١٣ی یاسای سزای ئیلامی هاتووە کە : ”هەر کەس بێڕیزی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و یان یەکێک لە ئەنبیا و ئیمامەکان بکات، ئەگەر حوکمی “ساب النبی“ی بیگرێتەوە لەسێدارە درێت و جیا لەو حاڵەتە حوکمی ١ ساڵ هەتا پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا دەسەپێت.

دوا جار و داوی دوو ساڵ بەندکران، بە هۆی بەداواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی سوهەیل و پارێزەرەکانی، لقی ١٠ی دادگای تاوانەکانی ١ی پارێزگای تاران حوکمی سێدارەی سوهەیل عەرەبی هەڵوەشاندەوە. بەڵام لە ژێر گوشاری سپای پاسداران بۆ دادوەر حوکمی ٢٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران بە سەر ناوبراودا سەپا. ئەم حوکمە لەحاڵێکدا بوو کە بە پێی ماددەی ٥١٣ زیاترین حوکم تەنیا پێنج ساڵە.

سوهەیل عەرەبی دواجار بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان حوکمەکەی بوو بە حەفت ساڵ و شەش مانگ بەندکران و لێدانی ١٠٠ قامچی دوو ساڵ قدەغەی چوونەدەرەوە لەئێران و هەروەها دووساڵ لێکۆڵینەوەی مەزهەبی زۆرەملی لە دەفتەری میسباحی یەزدی مەحکووم کرا.

ناوبراو لەکاتێکدا سەرقاڵی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بوو، دوو دۆسیەی دیکەی بۆ کرایەوە و بە تۆمەتئ بێ ڕێزی بە پیرۆزییەکان و خامنەیی حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. هەروەها بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە حوکمی ٢ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی برازجان و پێبژادنی ٤ میلیۆن تمەن پارەی ەبسەردا سەپا و بەو پێیە ناوبراو ٥ ساڵی دیکە لە بەندیخانە ئازاد دەبێت.

سوهەیل عەرەبی دواجار خەرمانانی ٢٧٢٠ (ئاگۆستی ٢٠٢٠) لە بەندیخانەی فەشافوویەی تاران بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج دوورخرایەوە و ئێستا لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە