دوو مامۆستای دەستبەسەرکراوی مەریوانی بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازرانەوە

مەسعوود نیکخا و شەعبان محەممەدی دوو مامۆستای دەستبەسەرکراوی مەریوانی کە هاوکات ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرییی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان

١٥ جۆزەردان ٢٧٢٢، ٠٩:٢٠


هەنگاو: یەکشەممە ١٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

مەسعوود نیکخا و شەعبان محەممەدی دوو مامۆستای دەستبەسەرکراوی مەریوانی کە هاوکات ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرییی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی مەریوانن، بە شێوەیەکی لەناکاو لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سوپای پاسداران لە شاری سنە بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازراونەتەوە و ڕێگەی پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنییەوە بنەماڵەکانیان ئاگادار کردووەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە مەسعوود نیکخا لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان کەمتر لە دوو خولەک و ئەویش بە زمانی فارسی لەگەڵ بنەماڵەکەی قسەی کردووە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ئەسکەندەر لوتفی یەکێکی دیکە لە مامۆستا دەستبەسەر کراوەکانی مەریوان کە ئەمڕۆ حەوتەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنەکەی تێپەڕ دەکات، لە بەر دەستدا نییە.

ئەسکەندەر لوتفی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕی ئەمساڵ هاوڕێ لەگەڵ دوو مامۆستای دیکە بە ناوەکانی مەسعوود نیکخا و شەعبان محەممەد لە جادەی سنە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر کرا کە شەعبان محەممەدی هەمان ڕۆژ ئازاد کرا.

مەسعوود نیکخا ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ ئازاد کرا و ڕۆژی پێنجشەممە سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە. شەعبان محەممەدیش ڕێکەوتی ٢١ی سەر لە نوێ دەستبەسەر کرایەوە و ئەم سێ مامۆستایە هەتا ئێستا دەستبەسەرن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە