ئەسکەندەر لوتفی مامۆستای دەستبەسەر کراوی مەریوانی دوو ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە

ئەسکەندەر لوتفی مامۆستای دەستبەسەر کراوی مەریوانی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی مەریوان لە ڕۆژی دووشەممە ٩ی

١٠ جۆزەردان ٢٧٢٢، ١٩:١٥

 

هەنگاو: سێشەممە ١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

ئەسکەندەر لوتفی مامۆستای دەستبەسەر کراوی مەریوانی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی مەریوان لە ڕۆژی دووشەممە ٩ی جۆزەردانەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕاگیرانی نایاسایی لە بەندیخانە و گوشار خستنە سەری بە مەبەستی ئەنجامی دانپێدانانی زۆرەملێ، مانی لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: "ئەسکەندەر لوتفی کە ئێستا لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سوپا لە شاری سنە ڕاگیراوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە گوشاری خراوەتە سەر هەتا بە ناچاری دان بەوەدا بنێت کە پەیوەندی لەگەڵ ئەو دوو هاووڵاتییە فەرەنسەوییە هەبووە کە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون".

ئەم دوو هاووڵاتییە فەرەنسەوییە کە لە ئەندامانی فیدراسیۆنی پەروەردە و کولتووری سەندیکای کاری ئەو وڵاتەن، مانگی ڕابردوو لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بەوە تۆمەتبار کراون کە پەیوەندییان بە چالاکانی پیشەیی، مامۆستایانی قوتابخانە و کرێکاران کردووە هەتا ناڕەزایەتی لە ئێران ڕێک بخەن.

هەنگاو زانیویەتی کە بڕیاری دەستبەسەرگردنی کاتیی ئەسکەندەر لوتفی لەلایەن لقی یەکەمی بازپورسی مەریوانەوە درێژ کراوەتەوە و بنەماڵەی لوتفی ئەمڕۆ چوارشەممە دوای سەردانی ئەو لقەی دادگا لەلایەن دادوەر» شاهمورادی «هەڕەشەیان لێکراوە و پێیان وتراوە بە ئەسکەندەر بڵێن کە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت ئەگەرنا بە زیانی تەواو دەبێت.

ئەسکەندەر لوتفی تەمەن ٥١ ساڵ ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕی ئەمساڵ هاوڕێ لەگەڵ دوو مامۆستای دیکە بە ناوەکانی مەسعوود نیکخا و شەعبان محەمەد لە جاددەی سنە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر کرا کە شەعبان محەممەدی هەمان ڕۆژ ئازاد کرا.

مەسعوود نیکخا ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ ئازاد کرا و ڕۆژی پێنجشەممە سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە. شەعبان محەممەدیش ڕێکەوتی ٢١ی سەر لە نوێ دەستبەسەر کرایەوە و ئەم سێ مامۆستایە ئێستا لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سوپای پاسداران لە شاری سنە ڕاگیراون.

جێگای ئاماژەیە کە ئەسکەندەر لوتفی دوای مانگرتنی مامۆستایان لە مانگی خەزەڵوەری ٢٧١٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٢٧١٩ لەلایەن لقی ١٠٤ی دادگای تاوانەکانی سنە بە تۆمەتی» بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست «سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە