دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ کە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

٤ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١٩:٥٣

 

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ کە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا مێهران سولەیمان پوور و هاشم خووڕان دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر «ڕەزایی» سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە. بە پێی سزاکە مێهران سزای ١٨ مانگ بەندکران و هاشم سزای ٣٠ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

ئەو سزایە بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» بە سەر ئەو دوو کەسەدا سەپاوە و دانیشتنی دادگاش ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (١٣ی مارسی ٢٠٢٢) بەڕێوەچووە.

مێهران سولەیمان پوور و هاشم خووڕان هەر دوو خەڵکی گوندی «ئاڵیان» سەر بە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆن و ڕۆژی پێنج شەممە ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (٢٤ی جوونی ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گوازرانەوە.

هاشم خووڕان دوای مانگێک ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژ بە بارمتەی ٥٠٠ ملیۆنی و مێهران سولەیمان پوور دوای سێ حەوتوو دەستبەسەر کران ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی پرۆسەی دادگایی کردنەکەیان ئازاد کران.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا وێڕای دەستبەسەر کردنی ئەم دوو کەسە ماڵەکانیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر هەندێک کەرەستەی تایبەتیی ئەواندا گرتووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە