دەستبەسرکرانی دوو برا لە میاندواو و هاووڵاتییەکی دیکە لە سایین قەڵا

هەنگاو: دوو برای دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی میاندواو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران.

٢٤ پووشپەڕ ٢٧١٩، ١٧:٠٨

 

هەنگاو: دوو برای دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی میاندواو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە (٢٣ی پووشپەری ٢٧١٩/ ١٤ی ژوئیەی ٢٠١٩)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی ئاوایی حاجی حەسەن بە ناوی حەسەن بێهروزی و دوو کوڕی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە

هەواڵنێری هەنگاو لە میاندواو ناسنامەی ئەو دوو برایە ئاوات بێهروزی و کەیوان بێهروزی ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو برا بە تۆمەتی چالاکی سیاسی دەستبەسەر کراون، ئاوات ساڵی ڕابردووش لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو دەستبەسەر کرابوو.

ئەو دوو برا دوای دەستبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیاریەک لە سەر چارەنووسیان لەبەر دەست نیە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ دووشەممە (٢٤ی پووشپەڕی ٢٧١٩ / ١٥ی ژوئیەی ٢٠١٩)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سایین قەڵا لە گوندی قوزڵوو هاووڵاتییەکی دیکەیان بە ناوی “عەلی شیری” دەستبەسەر کردووە.

ڕۆژی ڕابردووش هەر لەو گوندە سێ کەسی دیکە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە