زیاتر لە ٨٪ی ئەو بەندکراوانەی ساڵی ٢٠٢١ لە هەموو جیهاندا لە سێدارە دراون کورد بوون

بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ پرسی سێدارە لە هەموو جیهاندا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١، جیا لە وڵاتی چین کە ژمارەی لەسێدار

٣ جۆزەردان ٢٧٢٢، ١٤:٣١

 

هەنگاو: سێشەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ پرسی سێدارە لە هەموو جیهاندا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١، جیا لە وڵاتی چین کە ژمارەی لەسێدارەدراوانی ئەو وڵاتە نادیارە، لە ١٧ وڵاتی دیکەی جیهاندا لانی کەم ٥٩٧ کەس لە سێدارە دراون. بە بەراوردی ئەم ئامارە لەگەڵ ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەردەکەوێت کە زیاتر لە ٨.٢٪ی ئەو بەندکراوانەی کە ساڵی ڕابردوو لە هەموو جیهاندا لە سێدارە دراون کورد بوون و لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠٢١ دا سزای سێدارە تەنیا لە ١٨ وڵاتی جیهانی کە بریتین لە وڵاتانی؛ چین، ئێران، میسر، سعوودی، سووریا، عێراق، سوومالی، یەمەن، باشووری سوودان، بەنگلادیش، بێلاڕووس، بوتسوانا، عومان، کۆریای باکوور، ڤێتنام، ژاپۆن و ئیمارات و ئەمریکا جێبەجێ کراوە و جیا لە وڵاتی چین لە ١٧ وڵاتی دیکەدا ساڵی ڕابردوو سەرجەم ٥٩٧ کەس لە سێدارە دراون کە ئەم ئامارە بە نیسبەت ساڵی پێشووتر ٢٠٪ بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە. هەروەها ساڵی ڕابردوو لە ١٤٤ وڵات سزای سێدارە جێبەجێ نەکراوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکە، لە ساڵی ٢٠٢١ دا لانی کەم سزای سێدارەی ٣١٤ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. ئێران دوای وڵاتی چین کە ژمارەی لەسێدارەدراوەکانی نادیارە زیاترین ڕێژەی ئاماری تێدا تۆمارکراوە کە ٥٤٪ی کۆی هەموو حاڵەتەکانی جیهان لە ساڵی ڕابردوودا بووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پێشتر بڵاوی کردووەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢١ دا سزای سێدارەی لانی کەم ٤٨ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. بە بەراوردی ئامارەکانی ئەم دوو ڕێکخراوەدا دەردەکەوێت کە ٨.٢٪ی کۆی لەسێدارەدراوانی هەموو جیهان و ١٥.٣٪ی کۆی لەسێدارەدراوانی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا هاووڵاتیی کورد بوون.

هەروەها، ساڵی ڕابردوو ٤ بەندکراو کە لە تەمەنی مێرمنداڵیدا تووشی تاوان بوون لە هەموو جیهان لە سێدارە دراون کە حاڵەتێک لە یەمەن و ٣ حاڵەت لە ئێران تۆمار کراوە. سەجاد سەنجەری هاووڵاتیی کورد و خەڵکی کرماشان یەکێک لەو کەسانەیە کە ساڵی ڕابردوو لە سێدارە دراوە و لە کاتی ئەنجامی تاوان تەمەنی تەنیا ١٥ ساڵ بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە