زەمانە زێویە چالاکی مەدەنی خەڵکی سەقز دەستبەسەر کرا

هەنگاو: چالاکێکی مەدەنی خەڵکی سەقز کە پێشتریش دەستبەسەر و سزای لێدانی قامچی و پێ بژاردنی پارەی بە سەردا سەپابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی

١٠ ڕێبەندان ٢٧٢١، ٠٦:٠٠

 

هەنگاو: چالاکێکی مەدەنی خەڵکی سەقز کە پێشتریش دەستبەسەر و سزای لێدانی قامچی و پێ بژاردنی پارەی بە سەردا سەپابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١٢ی نیمەڕۆی ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٢٩ی ژانویەی ٢٠٢٢)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی زەمانە زێویە، چالاکی مەدەنی خەڵکی ئەو شارە و دەستبەسەریان کردووە.

بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زەمانە زێویە تەمەن ٢٩ ساڵ، خاوەن یڕوانامەی بەکالریۆسی ماف ناسی پەیامی نووری سەقز و دایکی منداڵێکی کەم تەمەنە کە بەبێ پیشاندانی هەر جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کران، ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵی و هەروەها شوێنی ڕاگیرانی لە بەر دەستدا نییە.

جێگای باسە کە زەمانە زێویە پێشتر و ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ (٦ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەقزەوە بە تۆمەتی پشتیوانی کردن لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەستبەسەر و دوای سێ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٨٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

زەمانە زێویە دواجار مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵ بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی گشتی» سزای لێدانی ٥٠ قامچی و پێ بژاردنی بڕی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن غەرامەی بە سەردا سەپا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە