سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانی سەید محەمەد حوسێنی هەڵوەشایەوە

هەنگاو: سزای بەندکرانی درێژماوەی بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی نەغەدە کە کۆتایی وەرزی بەهاری ئەمساڵ بە تۆمەتی موحاریبە سزا

٩ سەرماوەز ٢٧٢١، ١٧:٥٥

 

هەنگاو: سزای بەندکرانی درێژماوەی بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی نەغەدە کە کۆتایی وەرزی بەهاری ئەمساڵ بە تۆمەتی موحاریبە سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانی سەید محەمەد حوسێنی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی نەغەدە بە هۆی کەم و کۆڕی لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکان لەلایەن دادگای بەرزی ئێرانەوە هەڵوەشاوەتەوە و بەمەبەستی پێڕاگەیشتنی دوبارە ڕەوانەی ئەو دادگایە کراوەتەوە کە سزاکەی بە سەر ناوبراودا سەپاندووە.

سەید محەمەد حوسێنی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ (مەی) لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەوادی بە تۆمەتی موحاریبە لە رێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیەی بە سەردا سەپا. ئەم سزایە ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (٢٥ی مەی ٢٠٢١) بەفەرمی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی نەغەدە پێی ڕاگەیەندرا.

سەید محەمەد حوسێنی پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و ڕۆژی سێشممە ١٩ی بەفرانباری ٢٧١٧ (٩ی ژانویەی ٢٠١٨) پاش جیابوونەوە لەو حیزبە و گرتنی ئەمان نامە، گەڕابوویەوە بۆ نەغەدە. سەید محەمەد حوسێنی سەرەڕای ئەوەیکە لە بەرپرسانی ئێران ئەمان نامەی وەر گرتبوو، پاش گەڕانەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە تا ئێستا بێ ئەوەیکە مافی مەرەخەسی پێدرابێ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بەند کراوە.

بەهاری ساڵی ڕابردوو بەرپرسانی بەندیخانەی نەغەدە بە مەبەستی ئازادیی کاتیی سەید محەمد حوسێنی داوای بارمتەی ١٠ میلیارد تمەنییان کردبوو کە بەهۆی ئەوەی بنەماڵەکەی توانایی دابینکردنی ئەو بڕە پارەیان نەبوو ئازاد نەکرا. ئەمە لە کاتێکیشدا بوو کە زۆربەی بەندکراوەکان بە هۆی تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆنا جووبوونە مرەخەسی، بەڵام ئەم بەندکراوە سیاسییە لەو مافەش بێبەش کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە