سەید محەمەد حوسێنی خەڵکی نەغەدە سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە کە چوار ساڵە دەستبەسەرە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای

٤ جۆزەردان ٢٧٢١، ٠٦:٠٦

 

 هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە کە چوار ساڵە دەستبەسەرە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکران و دوورخرانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سەید محەمەد حوسێنی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی نەغەدە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەوادی سزای ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەی بە سەردا سەپا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سزایە بە تۆمەتی موحاریبە (دژایەتی خودا) لە ڕێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەر ناوبراودا سەپاوە و ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (٢٥ی مەی ٢٠٢١)، لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی نەغەدە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

سەید محەمەد حوسێنی پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و ڕۆژی سێشممە ١٩ی بەفرانباری ٢٧١٧ (٩ی ژانویەی ٢٠١٨) پاش جیابوونەوە لەو حیزبە و گرتنی ئەمان نامە، گەڕابوویەوە بۆ نەغەدە. سەید محەمەد حوسێنی سەرەڕای ئەوەیکە لە بەرپرسانی ئێران ئەمان نامەی وەر گرتبوو، پاش گەڕانەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە تا ئێستا بێ ئەوەیکە مافی مەرەخەسی پێدرابێ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بەند کراوە.

بەهاری ساڵی ڕابردوو بەرپرسانی بەندیخانەی نەغەدە بە مەبەستی ئازادیی کاتیی سەید محەمد حوسێنی داوای بارمتەی ١٠ میلیارد تمەنییان کردبوو کە بەهۆی ئەوەی بنەماڵەکەی توانایی دابینکردنی ئەو بڕە پارەیان نەبوو ئازاد نەکرا. ئەمە لە کاتێکیشدا بوو کە زۆربەی بەندکراوەکان بە هۆی تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆنا جووبوونە مرەخەسی، بەڵام ئەم بەندکراوە سیاسییە لەو مافەش بێبەش کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە