سنە؛ سەربازێک بە هۆی تەقینەوەی مین گیانی لە دەست دا

هاووڵاتییەکی خەڵکی ماکۆ بە ناوی عادڵ قوربانی تەمەن ٢١ ساڵ و کوڕی عەلی نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕ، بە هۆی تەقینەوەی مینێک لە شاری سنە گیانی لە دەست دا.

٥ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ٠٩:٢٨

 

هەنگاو: دووشەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٢

هاووڵاتییەکی خەڵکی ماکۆ بە ناوی عادڵ قوربانی تەمەن ٢١ ساڵ و کوڕی عەلی نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕ، بە هۆی تەقینەوەی مینێک لە شاری سنە گیانی لە دەست دا.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە عادڵ قوربانی لە دەوروبەری پادگانی لەشکری پیادەی کوردستان سەر بە هێزی وشکایی ئەرتەشی ئێران تووشی ئەو ڕووداوە بووە و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.

جێگای ئاماژەیە کە عادڵ قوربانی لە بەشی جیهادی ئەرتەش سەرقاڵی تێپەڕاندنی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی بووە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، میدیا حکومەتییەکان هەواڵی کوژرانی ئەم سەربازەیان بە هۆی تەقینەوەی مین بڵاو نەکردووەتەوە و هەنگاو وەکوو یەکەم سەرچاوە بڵاوی دەکاتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لە ساڵی ٢٧٢١ی کوردی لانی کەم ٥٠ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مینە چێنراوەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق و هەروەها ئەو مینانەی کە سوپای پاسداران لەم دوایییانەدا چاندوویەتی بوونەتە قوربانی کە ئەم ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ١٢ حاڵەت واتە ٣٢٪ بەرزبوونەوەی بە خۆی بینیوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە