سنە/ سەعید محەمەدی فەرد مەترسی جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی لەسەرە

هەنگاو: بەندکراوێکی خەڵکی کرماشان کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی ڕەوانەی ژو

١١ بەفرانبار ٢٧٢٠، ٠٦:٠١

 

هەنگاو: بەندکراوێکی خەڵکی کرماشان کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی سنە کراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (٣١ی دێسامبری ٢٠٢٠)، سەعید محەمەدی فەرد تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی کرماشان بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کراوە.

ندا قەرەوەیسی، هاوژینی ئەو بەندکراوە لە لێدوانێکدا بۆ هەنگاو ئەو هەواڵەی پشتـڕاست کردووەتەوە وتی :”بنەماڵەی کوژراوەکە بۆ لیخۆشبوون لە سەعید داوای بڕی ٢ میلیارد تمەن پاره دەکەن و ئێمەش توانایی دابین کردنی ئەو بڕە پارەیەمان نیە“. بنەماڵەی کوژراوەکە پێشتر داوای ٤ میلیارد تمەنیان کردبوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی سنەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە بڕیارە سزای سێدارەی سەعید محەمەدی فەرد ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (٣ی ژانویەی ٢٠٢١) جێبەجێ بکرێت.

ئەو بەندکراوە ٤ی گەلاوێژ (٢٥ی ژوئیە) جارێکی دیکە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوویەوە کە جێبەجێ کرانی سزاکەی دواخرابوو.

سەعید محەمەدی فەرد لەدایکبووی ١ی جۆزەردانی ٢٦٨٥ ( ٢٢ی مەی ١٩٨٤)ی شاری کرماشانە و خێزاندارە و باوکی دوومنداڵی تەمەن ٦ و ١١ ساڵانە. ناوبراو ٦ ساڵ پیش لە شاری سنە بە تۆمەتی کوشتنی کەسێکی خەڵکی خوڕەم ئاباد دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی سنە حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە