سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی دووگیانی کورد هێشتا بە شێوەی نایاسایی لە بەندیخانە ڕاگیراوە

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی و دوو گیانی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە و ماوەیەک پیش دوای ١١ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنە

٣١ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ٠٩:٤٨

 

هەنگاو: شەممە ٣١ی بانەمەڕی ٢٧٢٢

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی و دوو گیانی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە و ماوەیەک پیش دوای ١١ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا، سەرباری ئەوەی کە لەلایەن گرووپی پزیشکیی پزیشکی دادەوە پشکنیی بۆ کراوە و بەڵگە پزیشکییەکانی لەلایەن ئەو گرووپەوە پشتڕاست کراوەتەوە، بەڵام هێشتا بە شێوەی نایاسایی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە و گیانی خۆی و کۆرپەلەکەی لە مەترسیدایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ئورمیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا گرووپی پزیشکی پزیشکی داد دوو جار لە ناو بەندیخانە پشکنینیان بۆ سوعدا خەدیرزادە ئەنجام داوە و سەرجەم بەڵگە پزیشکییەکانی ناوبراویان پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە پێویستە لە بەندیخانە نەمێنێت. سەرباری ئەوەی کەمتر لە دوو حەفتە ماوە بۆ لەدایکبوونی منداڵەکەی سوعدا بەرپرسانی بەندیخانە هەتا ئێستا لە ناردنی سوعدا خەدیرزادە بۆ بنکە تەندروستییەکانی دەرەوەی بەندیخانە و هەروەها ئازادی کاتی ناوبراو بە دانانی بارمتە خۆیان بواردووە.

سوعدا خەدیرزادە لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ هەتا شەممە ١٧ی بانەمە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ٧ مانگ ناڕوونی چارەنووسی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە مانی لە خواردن گرتبوو کە دوای ١١ ڕۆژ و بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانە لە سەر جێبەجێکرانی داواکارییەکانی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

هەنگاو ماوەیەک پێش تۆمارێکی دەنگی سوعدا خەدیرزادەی بڵاو کردەوە کە، سوعدا خەدیرزادە تێیدا دەڵێت منیان وەک بارمتە لە بەندیخانە ڕاگرتووە و بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ هەڕەشەیان لە من کردووە.
دوای میدیایی کردنەوەی ئەم دۆسیەیە لەلایەن ڕێکخراوی هەنگاوەوە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و وتی: «بەرپرسانی ئێران لە کردەوەیەکی بێ ڕەحمانەدا بە گیان و تەندروستی ژنێکی دووگیان بە ناوی سوعدا خەدیرزادە کایە دەکەن. ئەم بەندکراوە کوردە کە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە کۆرپەلەکەی ٨ مانگانە و نەخۆشیی دڵ و گورچیلەی هەیە. بەم حاڵەشەوە بەرپرسان ناوبراویان لە گواستنەوە بۆ ناوەندێکی پزیشکی بێبەش کردووە».

سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١) ١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە. ناوبراو دوای ٢٥ ڕۆژ و تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندی ژنان ڕاگیراوە لە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیان بوون بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە